بەڵام، کێشەیەک هەیە

لە دوو ساڵى رابردوودا 500 کیلۆمەتر هێڵکارى بۆ شەقامەکان ئەنجامدراون

964+

وریا فەتاح

فەرمانگەى میدیا و زانیارى ئاشکراى دەکات، لە دوو ساڵى رابردوودا بە درێژى 500 کیلۆمەتر هێلکارى بۆ شەقام و رێگاو بانەکان ئەنجامدراوە، 40 کیلۆمەتریش پەرژینى ئاسنین بۆ ریگاکان کراوە.

بەپێى راگەیەنراوى فەرمانگەکە، لە پێشووتردا لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە هێڵکارییەکان ئەنجام دەدران، بەڵام دوای دابینکردنی ئامێری پێویست و راهێنان بە كرێكارانی ناوخۆ، ئێستا سەرجەم کارەکانی ئەندازەی هاتوچۆ لە لایەن تیمەکانی حکومەت و دەستی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت.

لەسەر ئەو پڕۆسەیە، دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێستا بە تێچوویەکی کەمتر، کوالێتیی باشتر و ماوەیەکی خێراتر، هێڵکاریی شەقام و رێگەكان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكرێت.

دەشڵێت: ئەو کارەی لە ماوەی رابردوودا سێ مانگی دەخایاند، ئێستا سێ کاتژمێری دەوێت.

“لە دوو ساڵی ڕابردوو، نزیکەی 500 کیلۆمەتر، رێگە و شەقام هێڵکارییان بۆ کراوە، 15 هەزار هێمای جۆراوجۆری هاتوچۆ دانراون، نزیکەی 40 کیلۆمەتر پەرژینی ئاسنین بۆ رێگە و شەقامەکان دانراوە”، فەرمانگەى میدیا و زانیارى وا دەڵێت.

سەرەڕاى هێڵکارى شەقامەکان، بەڵام کێشەیەک هەیە و شۆفێران هێڵەکان دەبەزێنن، هەر بۆیە هاتوچۆى هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە کە ژمارەیەک لە شوفێران پابەند نابن بەڕویشتن لەناو رێرەوەکان.

"بەناو ئەو رێڕەوانەدا لێبخوڕن کە بە بۆیاغى سپى رەنگ کراوە"