چەقۆی خۆمانە گەرەنتی 20 ساڵی هەیە

چەقۆی “چینی”ی بێ كوالێتی بازاڕی چەقۆی دەستكردی نەهێشت

964+

كاروان ساڵحی- كەركوك

چەقۆی جۆری دراوستکراوی وڵاتی چین، کە ئەهلی بازاڕ پێیان وایە بێ كوالێتیە، تەنگی بە بازاڕی چەقۆی دەستكرد هەڵچنیوە و بازاڕی چەقۆی دەستكرد و خۆمانەی لاواز كردووە.

چەقۆسازەكانی بازاڕی ئاسنگەرانی شاری كەركوك دەڵێن، بە هۆی پڕبوونی بازاڕ بە چەقۆی چینی و بێ كوالێتی، بازاڕی چەقۆی دەستكرد لاواز بووە ، بە وتەی خۆیان چەقۆی چینی تەمەنی 10 رۆژە و كول دەبێت و تێكدەچێت، بەڵام دەستكرد و خۆمانە تەمەنی 20 ساڵ و زیاتر دەبێت.
كامیل حاجی سابیر خەنجەرچی، بە 964 ـی وت، “تەمەنم 54 ساڵە و ماوەی 40 ساڵە خەریكی دروستكردنی چەقۆ و خەنجەر شمشێر و چەپەچاغەم، پیشەكەی لە باو و باپیرانەوە بۆم ماوەتەوە، جاران بەدەستی خۆمان دروستمان دەكرد و ئیشوكارمان باش بوو، بەڵام ئێستا بە هۆی ئەوەی بازاڕ پڕ بوە لە چەقۆی چینی بێ كوالێتی، بازاڕمان نەماوە”.

“چەقۆ هەیە بە هەزار دینار و دوو هەزار، بەرگەی 10 رۆژ دەگرێت، دواتر كول دەبێت، بەڵام ئێمە چەقۆ دروست دەكەین، گەرەنتی 20 ساڵ دەدەین كە هیچی لێ نایەت، تەنیا تیژی بكەرەوە”.
محەمەد ئەیاد خاوەن دوكانی فرۆشتنی چەقۆی هاوردەیە، بە 964 ـی وت، پێشتر خۆمان دروستمان دەكرد بەڵام ئێستا زۆری لە چین و چەند وڵاتێكی دیكەوە دێت، وای كردووە بازاڕی چەقۆی دەستكرد نەمینێت.

وتیشی، چەقۆ هەیە كوالێتی بەرزە لە وڵاتی ئەلمانیا دروست كراوە، نرخەكەی 40 هەزار دینار و زیاتر گۆشتفرۆشەكان دەیكڕن، بەڵام هەیە كوالێتی زۆر باش نییە و نرخەكەی نزیكەی هەزار دینار بۆ 5 هەزار دەبێت، هاوڵاتی دەیكڕێت چونكە ئامادە نییە 40 هەزار دینار بە چەقۆیەك بدات.
بە پێی سۆراغی 964 لە ناو بازاڕی ئاسنگەرەكان پێشتر 15 دوكانی دروستكردنی چەقۆ هەبوون، بەڵام ئێستا بە هۆی بێ بازاڕی و هێنانی چەقۆی بێ كوالێت، تەنیا دوو دوكانی ئەو جۆرە كارە ماون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە قەسابخانەکان شاخی مەڕ دەهێنن و چەقۆی لێ دروست دەکەن

لە قەسابخانەکان شاخی مەڕ دەهێنن و چەقۆی لێ دروست دەکەن