پڕى بکەنەوە

فۆڕمى تایبەت بە وانەبێژە لادراوەکان گەیشتە پەروەردەکان

964+

وریا فەتاح

بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى پەروەردە کە ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى پەروەردە کردووە، تێیدا داوا دەکات، داتا و زانیارى لەسەر ئەو مامۆستا وانەبێژانە کۆبکەنەوە کە ساڵانێک خزمەتى وانەبێژیان هەبووە و دواتر بە هەر هۆکارێک بێت دابڕاون.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، پێویستە هەر پەروەردەیەکى قەزا بە تەواوى فۆڕمەکە پڕبکاتەوە و واژۆى خودى مامۆستاى وانەبێژى لەسەربێت، پاشان لەسەر ئاستى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بکرێت بە لیستێک و ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى دیوانى وەزارەتى پەروەردە بکرێت.

باس لەوەشکراوە، پێویستە بەڵگەى نوسراو هەبێت و وێنەیەکى کۆپى بەڵگەکە بنێردرێت و زانیارى تەواوەتى لەبارەى وانەبێژەکان هەبێت کە ئایا ساڵێک یان چەند ساڵێک خزمەتى کردووە.

لاى خۆیەوە، لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارباژێر بە 964ـى وت،”چەند خولەکێکە فۆڕمەکەمان پێگەیشتووە و لەبەیانییەوە دەست بە پڕکردنەوەى دەکەین”.

ئەو بەڕێوەبەرە سێ ساڵە لە پەروەردەى شارباژێر دەستبەکار بووە، وەکخۆى دەڵێت، لەو ماوەیەدا هیچ وانەبێژێک لانەدراوە، بەڵام پێشتر هەبووە بە هۆکارى مۆڵەتى دایکایەتى یان هەر هۆکارێکى دیکە لادراوە یان وازیهێناوە.

هەرچەندە لە نوسراوەکەی پەروەردەدا هیچ ئاماژەیەک نەخراوەتەڕوو کە دواى پڕکردنەوەى فۆڕمەکان ئەو وانەبێژانە هاوشێوەى ئەو 37 هەزار و 933 وانەبێژەى دیکە دادەمەزرێندرێن یان نا، بەڵام بە وتەى عەلى رەوف، نوێنەرى مامۆستایانى گرێبەست، کاردەکەن بۆ ئەوەى ئەوانیش بە مافەکانیان بکەن.

هیچ داتایەکى فەرمى لەبارەى ژمارەى وانەبێژە لادراوەکانەوە نییە، بەڵام وەک ئەوەى عەلى رەئوف بۆ 964 خستییەڕوو، ژمارەیان لە 1500 بۆ 2000 وانەبێژى لادراو دەبێت.

لە رێگەى ئەم لینکەوە بزانە وانەبێژە لادراوەکان کێن…

وانەبێژە لادراوەکان دەکرێن بە گرێبەست؟

وانەبێژە لادراوەکان دەکرێن بە گرێبەست؟