پۆلیسی هەولێر

“بە ناوی خێرخوازییەوە پارەیان لە خەڵك وەرگرتووە و دەستگیر كران”

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند سێ تۆمەتباریان گرتووە، كە چەندین هاوڵاتییان بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە هەڵخەڵەتاندووە و پارەیان لێ وەرگرتوون.

پۆلیسی هەولێر ئەمشەو لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دا، هەرسێ تۆمەتبار (م. م. غ) و (م. ل. ع) و (ع. م. ق) دەستگیر کران، کە چەندین هاوڵاتییان بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە هەڵخەڵەتاندبوو، بە جۆرێك دەچوونە ماڵی هاوڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەت و پێیان دەوتن دەزگایەکی خێرخوازی هاوکارییان دەکات و دەزگا خێرخوازییەکەش دەبەنە ماڵیان، بەڵام ئایا چەند پارەیان هەیە، دواتر فریویان دەدان و دەیانگوت بڕەپارەکە بشارنەوە با دەزگای خێرخوازی نەزانێت، بەڵام پاشان پارەکەیان لێ دەدزین و خۆیان دەشاردەوە.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت، تۆمەتباران کە چەندین هاوڵاتیی پیر و بەساڵاچوو و کەمدەرامەتیان هەڵخەڵەتاندبوو، پارەیەکی زۆریان لێ دزیوون، ئێستاش بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (444) لە یاسای سزادان دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دراونەتە دادگا.

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی ئاشكرا كردووە، “تۆمەتبارەكان خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن، بەڵام بۆ ئەم کارە دەهاتنە هەولێر و بە چەندەها شێواز خۆیان گۆڕیوە و ناسنامەیان ساختە کردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، بەڵام خۆشبەختانە بە هۆی چاوکراوەیی پۆلیسەوە تواندرا لە کەمترین ماوەدا دەستگیر بکرێن”.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیاندراوەكەیدا داوا لەو هاوڵاتیانە دەكات، كە فێڵی هاوشێوەیان لێ کراوە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتباران تۆمار بکەن.

ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا کە دزى لە فرۆشگاکان دەکرد

ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا کە دزى لە فرۆشگاکان دەکرد