حكومه‌ت ژماره‌ى ئه‌و خانووانه‌ ئاشكرا ناكات كه‌ به‌كرێى گرتوون

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەبارەی نوێکردنەوەی بەکرێگرتنی خانووبەرە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کرد و ناشیه‌وێ ژماره‌ى ئه‌و خانووانه‌ ئاشكرا بكات كه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران و فه‌رمانگاكان به‌كرێى گرتوون.

بەپێی گشتاندنی ژمارە 1ی ساڵی 2023ی وەزارەتی دارایی کە کۆپییەکی ده‌ست تۆڕى964 كه‌وتووه‌، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی بەکرێگرتنی خانوو و باڵەخانە بۆ ساڵی دارایی 2023 چەند خاڵێکی خستووەتە روو، ئاماژەی بەوەداوە کە نوێکردنەوەی گرێبەستی بەکرێگرتنی ئەو خانوو و باڵەخانانە بۆ ساڵی 2023 مەرج نییە بەهەمان گرێبەستی ساڵی رابردوو بێت.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌، به‌كرێگرتنى خانوو بۆ پله‌ تایبه‌ته‌كان له‌وانه‌ش (راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى) كرێی خانوو یان شوقه‌كانیان نابێت له‌ یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر بێت، بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله‌ى (1)یش به‌ره‌و خواره‌وه‌، نابێ كرێى خانوو یان شوقه‌كه‌یان له‌ 500 هه‌زار دینار زیاتر بێت.

ئه‌وه‌شی روونكردۆته‌وه‌، کە ئەم بڕیارانە لە 1/1/2023ەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كێشدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ به‌شی راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى دارایی و به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تى گشتى باجه‌كانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت، به‌مه‌به‌ستى ئاشكراكردنى ژماره‌ى ئه‌و خانوو و باڵه‌خانانه‌ى كه‌ حكومه‌ت بۆ فه‌رمانبه‌ر و فه‌رمانگه‌كانى خۆى به‌كرێی گرتوون، هیچ یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ى وه‌زاره‌ت ئاماده‌نه‌بوون ئامارى ئه‌و خانوو و شووقانه‌ ئاشكرا بكه‌ن.

تۆڕى964 ده‌زانێت، له‌ماوه‌ى 31 ساڵی رابردوو و له‌وه‌ته‌ى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌، تاكو ئه‌مڕۆ به‌شێكی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌و داموده‌زگاكانى حكومه‌ت له‌ خانووى كرێدان.