"دوو ھەزار کتێبی تێدایە"

پێشانگایەکی کتێب نرخەکانی نزیک کردووەتەوە لە بەلاش

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشانگایەکی کتێب لە بینای کتێبخانەی گشتی کەلار کرایەوە، نرخی کتێبەکان لەنێوان ھەزار بۆ چوار ھەزار دینارە، شەش ڕۆژ پێشانگاکە بەردەوام دەبێت.

چوار دەزگای چاپ بەشدارن لە پێشانگاکە، بەڕێژەی 30% تا 80% داشکاندن بۆ کتێبەکان کراوە، رۆژانە لە 9:00ـی بەیانی تا 6:00ـی ئێوارە پێشانگاکە کراوەیە.

نەوزاد غەریب، سەرپەرشتیاری دەزگاکانی کتێب لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، “ھەرکەس سەردانی پێشانگاکە بکات کتێبی دڵخوازی خۆی دەستدەکەوێت، بە 600 ناونیشانی جیاواز بە ھەردوو زمانەکانی کوردی و عەرەبی کتێب لە پێشانگاکە ھەیە”.

“کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان نزیکە، دەمانەوێت کتێبی دڵخوازی خۆیان دەستکەوێت و بیبەن لە داخلی یان لەماڵەوە کتێب بخوێننەوە”،نەوزاد غەریب وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد،”نرخی سەرجەم کتێبەکان لە نێوان ھەزار بۆ چوار ھەزار دینارە، نزیکەی دوو ھەزار کتێب لە پێشانگاکە بەردەستە”.

ھەریەک لە دەزگاکانی فام و ئەدیبان و رەھەند و بەختیاری بەشدارن، کتێب لە بوارەکانی بیرەوەری، رۆمان، یاداشت، مێژویی، گەشەپێدانی مرۆیی و رۆمان و کتێبی منداڵانیش لە پێشانگاکە دەستدەکەوێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

پزیشکێک ژمارەیەک کتێب لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ بڵاودەکات...

پزیشکێک ژمارەیەک کتێب لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ بڵاودەکاتەوە