بازاڕ پڕە لە تەماتەی ناوخۆ
سەندیکای عەلوە: بڕیارەکەی وەزیر نرخی تەماتەی بەرزنەکردووەتەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
هەفتەیەکە وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بڕیارداوە بە داخستنی مەرزەکان بەرووی تەماتەی هاوردەدا، بەڵام نرخی تەماتە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، “ئەوەی ئێستا لە بازاڕدایە تەماتەی خۆماڵییە و زیادیشی هەیە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15.9.2024، نرخی کیلۆیەک تەماتە لە 250 دینارەوە دەستپێدەکات تا 450 دینار، بەراورد بە هەفتەی پێشوو گۆڕانکاری بەسەر نرخەکەیدا نەهاتووە.
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی بە 964ی وت، “ئێستادا عەلوەی سلێمانی هیچ تەماتەیەکی هاوردەی تێدانییە و هەمووی بەرهەمی ناوخۆیە و جوتیارانی پێنجوێنیش لە %30 بەرهەمەکەیان دەنێرنە عەلوەی سلێمانی و لە %70ی بەرهەمەکشیان لە پێنجوێن دەفرۆشن”.
ئەو وتی، “لەگەڵ ئەوەشدا، بەرهەمی تەماتە بۆ بازاڕی ناوخۆ زیادی هەیە، هەرچەندە لە دوای بڕیاری وەزیری کشتوکاڵ، بەشێکی زۆری جوتیاران تەماتەکەیان نەچنیوە و چاوەڕێن تاوەکو نرخەکەی بەرزببێتەوە”.
هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراق، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، بڕیار دراوە هاوردەی تەماتە لە سەرتاسەری عێراق رابگیرێت و ئەوەش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ بەبازارکردنی بەرهەمی جوتیاران.
لەهەمان رۆژی سەردانی کردنی شاندی عێراق بۆ هەولێر، جوتیارانی پێنجوێنیش چونە هەولێر و گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای راگرتنی هاوردەی تەماتەیان کرد، پێشتر جوتیارانی پێنجوێن بە 964یان راگەیاندبوو، لە شوتی و کاڵەک زەرەریان کردووە و لە ئێستادا پشتیان بە تەماتە بەستووە و ئەویش پارە ناکات و داوایان کرد هەرچی زووە هاوردەی تەماتە رابگیرێت.
پێنجوێن، خاوەنی زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵییە و ساڵانە بەرهەمە هاوینەییەکان دەخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرهەمی کشتوکاڵی ساڵی رابردووش زیاتر لە 208 هەزار تۆن بووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
پێگەیشتنی تەماتە لە پێنجوێن؛