گەرمیان

ئەو سێ ژنەی تووشی کۆلێرا بوون چاک بوونەتەوە

964+

شۆڕش قادری

ئەو سێ کەسەی لە گەرمیان تووشی کۆلێرا بوون، چاک بوونەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە.

د. سیروان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، “ئەو سێ ژنەی لە سەرەتای ئەم مانگەوە تووشی کۆلێرا بوون، چاک بوونەتەوە و مەترسی لە سەر ژیانیان نەماوە”.

“کۆلێرا لە گەرمیان بەشێوەیەکی باش کۆنتڕۆڵ کراوە و چەند رۆژێکە هیچ حاڵەتێکی نوێی نەخۆشییەکە تۆمار نەکراوە”، د. سیروان محەمەد وای وت.

سەرەتای ئەم مانگە دوو حاڵەتى تۆمارکردنى نەخۆشى کۆلێرا لە نێو هاوڵاتیانى گەرمیان هەبوو کە دوو ژنی خەڵکى کەلار و کفری بوون، دواتریش ژنێکی تەمەن 70 ساڵ لە قەزای کەلار تووشی نەخۆشییەکە بوو.

بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان وتی، پێدەچێت ئەو کەسانە لە سلێمانی تووشی نەخۆشییەکە بووبن.

کۆلێرا نەخۆشییەکی توندی سکچوونە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەرى گیان لەدەستدان زۆر بەهێز دەکات، زۆر جار تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە دەستیان بە ئاوی پاک و پاکوخاوێنی سەرەتایی ناگات، هەر بۆیە زیاتر لە ناوچە و وڵاتە هەژارەکان بڵاودەبێتەوە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستى جیهانیی، مەزەندە دەکرێت، ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن حاڵەتی کۆلێرا لە سەرتاسەری جیهان تۆمار بکرێت و لەو ژمارەیە نزیکەی 143 هەزار کەسیان گیان لەدەست دەدەن.

دوو ژن لە کەلار و کفرى توشى کۆلێرا بوون

دوو ژن لە کەلار و کفرى توشى کۆلێرا بوون