پێنج پێنج دەچێتە سەر نرخەکەى

بەراورد بە مانگى رابردوو بەرمیلێک نەوت 25 هەزار دینار بەرز بووەتەوە

964+

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

ماوەی دوو هەفتەیە، خواست لەسەر كڕینی نەوتی سپی ماڵان زیادی كردوە و ئەمەش واى کردووە نرخەکەى بۆ هەر بەرمیلێک 25 هەزار دینار، بەرز ببێتەوە.

هێرش خالید، پیشەی نەوت فرۆشییە لە فولكەی مامە ریشەی سلێمانی و قسەی بۆ 964 كردووە و دەڵێت، لەئێستادا خواستێكی زۆر لەسەر كڕینی نەوت هەیە و خەڵك بۆ وەرزی زستان دەستی كردووە بە كڕینی نەوت، لەدوو هەفتەی پێشوو هەر كە مووچە گەیشت، دەستیان كرد بەكڕینی و بازاڕ گری گرت.

بەقسەی ئەو نەوت فرۆشە، هەتا زیاتر لەبازاڕدا خواست لەسەر کڕینى نەوت زیاد بێت، نرخەکەى بەرز دەبیتەوە.

ئەو پێى وایە، دەنگۆ کاریگەرى زۆرى لەسەر نرخى نەوت هەیە، هەر بوترێت نرخ بەرز بووەتەوە خەڵک دێت دەست بە کڕێنى دەکات، ئەگەر دەنگۆى دابەشکردنى نەوتى سپیش هەبێت کەس بەلایدا نایەت و نرخ دادەبەزێت.

“لە مانگى رابردوو بەرمیلى بە 125 هەزار دەمفرۆشت، ئێستا 150 هەزار دەكات تا بەردەم خاوەن ماڵەكە، پێنج پێنج و وردە وردە بەرزبووە تا گەیشت بەو نرخە، هەر نرخەکەى نا خواستیش دوقات بەرز بووەتەوە”، ئەمەش قسەی ئەو نەوت فرۆشەیە.

لەبارەی گرانبوونی نرخی نەوتی ماڵان، سەلام عومەر، سەرپەرشتیاری دابەشكردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە964ـى وت،”هۆكاری گرانبوونی تەنیا ئەوەیە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین و خواست لەسەر كڕینی نەوتی بازرگانی زیادیكردووە”.

ئاماژەی بەوەش كرد، وەزیری سامانە سروشتییەكان پێی راگەیاندوون لە 16.9.2024ـوە لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای سلێمانی دەست بەدابەشكردنی نەوت دەكرێت و ئەمەش كاریگەریەكی باشی دەبێت لەسەر دابەزینی نرخەكەی.

.

بەپێی بەدواداچوونەكانی 964، نرخی نەوت لە نۆ مانگی رابردوو بەم شێوەیە بووە:

مانگی 1ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 180 هەزار دینار بووە.

مانگی 2ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت بە  160 هەزار دینار بووە.

مانگی 3ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 150  هەزار دینار بووە.

مانگی 4ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 140 هەزار دینار بووە.

مانگی 5ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت لەنێوان 135 بۆ 130 هەزار دینار بووە.

مانگی 6ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 130 هەزار دینار بووە.

مانگی 7ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت لەنێوان 130 بۆ 125هەزار دینار بووە.

مانگی 8ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 125 هەزار دینار فرۆشراوە.

كۆتا نرخیش، مانگی 9ـى 2024، نرخی یەك بەرمیل نەوت لەئاستی 150هەزار دینار دەفرۆشرێت، تابەردەم ماڵەكە بە گواستنەوە و سەرخستنیشی بۆ سەربان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

خواست لەسەر نرخى نەوتى ماڵان بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە

خواست لەسەر نرخى نەوتى ماڵان بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە