لە خورماتوو
هونەرمەندێکی کورد نرخی تابلۆکانی دەگاتە 10 ھەزار دۆلار
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
وێنەکێشێکی قەزای خورماتوو زیاتر لە 50 ساڵە کاری نیگارکێشی و وێنەکێشی دەکات و نرخی هەندێک لە تابلۆکانی دەگاتە 10 ھەزار دۆلار.
محەمەد زەینەلعابدین، ناسراو بە محەمەدی وێنەکێش بە964ـی وت، “ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە کاری نیگارکێشی و وێنەکێشی دەکات و خاوەنی زیاتر لە 70 بڕوانامەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە”.
“نرخی بەشێک لە وێنە و تابلۆکانم دەگاتە نزیکەی 10 ھەزار دۆلار، تایبەتمەندی ئەو تابلۆیە لەوەدایە توانیویەتی بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە لە قەیسەرییەکی مێژوویی خورماتوو کۆبکاتەوە”، محەمەدی وێنەکێش وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 60 قوتابی لە بواری وێنەگری و نیگارکێشان پێگەیاندووە و دوو لە قوتابییەکانی پلەی یەکەمی سەر ئاستی جیهان و عێراقیان بەدەستهێناوە.
محەمەدی وێنەکێش دوکانێکی لە ناو جەرگەی بازاڕی قەزای خورماتوودا ھەیە و کەسێکی دیاری شارەکەیە، بەوە ناسراوە هەمووکات جلوبەرگی سپی دەپۆشێت و جلی رەنگی تر لەبەر ناکات، هۆکارەکەشی بە وتەی خۆی ئەوەیە کە، لە سەردەمی حکومەتی لەناوچووی بەعس، چەندین جار خۆی و خانەوادەکەی زوڵم و ستەمیان لێکراوە و چەوسێنراونەتەوە، جارێکیش لەلایەن کۆمەڵێک بەعسییەوە و بە شێوەیەکی زۆر خراپ ئەشکەنجە دراوە و شەڵالی خوێن بووە و جلوبەرگەکەی بە تەواوەتی خوێناوی بوون، لەو کاتەشەوە بڕیاری داوە جلوبەرگی سپی بپۆشێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری