ئاگاداربن راوه‌ماسی و مه‌له‌كردن قه‌ده‌غه كراوه
نزیكه‌ى 100 هه‌زار په‌نجه‌ماسی خرایه به‌نداوى گۆمه‌سپانه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌نداوى گۆمهسپانى سه‌ر به قه‌زاى پیرمام یه‌كه‌مین كاروانى په‌نجه‌ماسی خرایه ناوه‌یه‌وه و قایمقامیش ده‌ڵێت، له گۆمه‌سپان و به‌نداوى به‌ستۆڕه‌ش هه‌ركه‌سێك راوى ماسی یان مه‌له‌وانى بكات رێكارى یاسایی له به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر.
په‌نجه ماسییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتو‌كاڵى هه‌رێم دابین كرابوون و په‌نجه ماسیه‌كانیش له جۆرى كاربی هه‌نگارین.
حامید ئیسماعیل محه‌مه‌د، قایمقامى قه‌زاى پیرمام كه سه‌رپه‌رشتى خسته‌ناو ئاوی پهنجهماسیهكانى بۆ ناو بەنداوەكە كردووه، به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌وه یه‌كه‌مین كاروانى پهنجهماسییه ده‌خرێنه ناو بهنداوهكە و ده‌مێكیشه رێنماییمان له نزیكى ئه‌م به‌نداوه بڵاوكردووه‌ته‌وه كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك راوكردن قه‌ده‌غه‌یه.
وتیشی “جگه له راوه‌ماسی، مهلهوانیشمان له بەنداوەكە قه‌ده‌غه كردووه و هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كارانه بكات، رووبه‌ڕووى رێكارى یاسایی ده‌كه‌ینه‌وه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، پلانیان هه‌یه ژماره‌یه‌كی زۆری پهنجهماسیش بخه‌نه ناو به‌نداوى به‌ستۆڕه‌وه و له‌وێش به‌هه‌مان شێوه ئاگادارى هاوڵاتیانیان كردووه‌ته‌وه راوكردن و مه‌له‌وانى قه‌ده‌غه‌یە.
به‌قسه‌ى قایمقامى پیرمام، ئێستا تیمى به‌رگریى شارستانییان نییه چاودێریى ئه‌م دوو به‌نداوه بكه‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێت، “به‌هه‌ر حاڵه‌تێكی مه‌له‌كردن و راوكردن بزانین راسته‌وخۆ ده‌ست به لێپرسینه‌وه ده‌كه‌ین”.
به‌نداوى به‌ستۆڕه له ساڵى پار و گۆمه‌سپانیش چه‌ند ساڵێكه ده‌ست به كارى دروستكردنیان كراوه ، دووه‌میان بەرزییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا باراناو کۆبکاتەوە و رووبەری شه‌ش ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا زه‌وی داده‌پۆشێت.
بەنداوی بەستۆرەش، به‌رزییه‌كه‌ى 32 مه‌تر و درێژییه‌كه‌ى 670 مەتره، پانییه‌كه‌ى له ژێره‌وه 180 مه‌ترو له سه‌ره‌وه‌ش 10 مه‌تره، توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە.