"هیچ پارەیەک لە نەخۆش وەرناگیرێت"

نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی بە قەستەرە كۆرپە تازە لەدایکبووەکان رزگار دەكات

964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە ماوەی هەفتەیەكدا لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی، سێ منداڵی تازە لەدایكبووی سێ بۆ پێنج رۆژە، قەستەرەی دڵیان بەسەركەوتوویی بۆ ئەنجامدراوە و یەكێك لە ئەندامانی تیمی بەشی قەستەرەی نەخۆشخانەكەش دەڵێت، “حاڵەتەكان دەگمەنن و لە هەرێمی كوردستان تەنیا لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی ئەو قەستەرەیە بۆ منداڵی تازە لەدایكبوو دەكرێت”.

ئەم جۆرەی قەستەرە لە ناوە زانستییەكەی، بە قەستەرەی راشكیند ناو دەبرێت و بۆ ئەو منداڵە تازە لەدایكبووانە دەكرێت كە لە زگماكەوە نەخۆشی دڵیان هەیە و بۆڕییەكانی دڵیشیان پێچەوانەیە.
لە سەر گرنگی قەستەرەكە بۆ ئەو منداڵە تازە لەدایكبووانە، ئەمڕۆ شەممە، 7.9.2024 د.خالید نەجیب، ئەندامی هۆبەی قەستەرە لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی بە 964ـى وت، “ئەم جۆرە قەستەرەیە لە دوو رۆژی سەرەتایی تەمەنی ئەو كۆرپەلانە دەكرێت، كە كێشەی دڵیان هەیە و بۆڕییەكانی دڵیان پێچەوانەن، ئەگەر قەستەرەكە لە رۆژانی سەرەتایی تەمەنی ئەو منداڵانە نەكرێت، بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە هەفتەی یەكەمی تەمەنیان گیان لەدەستدەدەن، بۆیە قەستەرەكە دەبێتە هۆكاری گەڕانەوەی ژیانی ئەو منداڵانە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، حاڵەتەكان لە ناو منداڵاندا زۆر باو نییە و تا رادەیەك دەگمەنیشن، بەڵام یەكەمجار نییە و چەند جارێكی دیكەش قەستەرەمان بۆ ئەو كۆرپەلانە كردووە.
“تەنیا لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی ئەم جۆرە قەستەرەیە دەكرێت و پزیشکەکان هاوكاری لە هیچ تیمێكی دەرەكی وەرناگرن، تەنیا بە ستاف و تیمێكی ناوخۆیی خۆیان، قەستەرەكە ئەنجام دەدەن و سەرجەم كارەكانیشیان بە خۆبەخشییە و هیچ بڕە پارەیەك لە نەخۆش وەرناگرن”، د. خالید وای وت.

تیمی هۆبەی قەستەرە لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی پێكهاتووە لە د. ئاسۆ فایەق سەرۆكی تیمەكە، د. خالید نەجیب، د. بیلال عەبدوڵلا و د. كۆیان زاهیر کە لە مانگی ئابدا، پێنج قەستەرەی دڵیان بۆ منداڵان بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری