وەزارەتی دارایی: ملیۆنێک زیاتر نادەین بە کرێی شوێنی دەوامی بەڕێوەبەرە گشتییەکان
+964
عادل کانەبی
وەزارەتی دارایی لە بڕیارێکیدا 500 هەزار دیناری بۆ کرێی باڵەخانەی فەرمانبەرانی ئاسایی و یەک ملیۆن دیناری بۆ باڵەخانەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان دیاریکردووە.
مەبەست لەو باڵەخانانە ئەو شوێنانەن کە موڵکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین، بەڵام بەکرێگیراون بۆ ئەوەی فەرمانبەرەکانی دەوامی تیابکەن.
بڕیارەکە لە رۆژی 24ی ئەم مانگە لە لایەن ئاوات جەناب، وەزیری دارایی واژۆکراوە، بە حەوت خاڵ مەرجەکانی روونکردووەتەوە بۆ بەکرێگرتنی باڵەخانەکان.
تێیدا هاتووە، “ئەو موڵکانەی لە ساڵی 2022 بە کرێگیراون مەرج نییە لە 2023 بە هەمان میکانیزم گرێبەستەکانیان نوێبکرێتەوە، بەڵکو پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستەکان دەکرێتەوە”، هەروەها داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە، لیستی باڵەخانە بەکرێگیراوەکانیان بۆ بنێرن.
بەپێی نوسراوەکە، ئەو بڕیارە دەبێت لە رۆژی 1ی 1ی 2023 بەدواوە کاری پێ بکرێت.