دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

داوای لێكۆڵینەوە لە كوشتنی هاوڵاتییەكی دهۆك لە توركیا دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتنی هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئیستەمبوڵ دەكات .

دەستەكە ئەم ئێوارەیە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، كە بەم جۆرەیە:

بەداخەوە هەواڵی کوشتنی هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانمان بیست کە خەڵکی کەلەکینە لە سنووری شاری دهۆک بەناوی (حەکیم لوقمان ) لە شاری ئیستەنبۆڵی تورکیا.

بە گوێرەی قسەی کەس وکارەکەی ئەو هاوڵاتییە تەنیا لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەی کردوە لەلایەن چەند کەسێکەوە لە کافتریایەکی شاری ئیستەنبوڵ لە تورکیا هێرشی کراوەتە سەر، ئەو هەواڵە هەمووانی نیگەران کرد پێشهاتێکی خراپە بۆ وڵاتێکی گەورەی وەک تورکیا کە بە وڵاتێکی گەشتیاری ناسراوە و ساڵانە هەزاران هاوڵاتی بۆ گەشت و بازرگانی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و بۆ هەرێمی کوردستانیش تورکیا وڵاتێکی گرنگ و دراوسێیە.

ئێمە سەرەڕای ئەوەی ئیدانەی کوشتنی ئەو هاوڵاتییە دەکەین لێرەوەشەوە لە رێگەی كونسڵخانەی تورکیا لە هەرێم و لە رێگەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەردوولا داوا دەکەین حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوە بکات لە رووداوەکە و تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، رێکاری پێویستیش بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی گەشتیار و سەردانیکاران .

بەو بۆنەوەش پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییەکە رادەگەیەنین و ئارامیان بۆ دەخوازین.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

شەوى رابردوو هاوڵاتییەکى دانیشتووى پارێزگاى دهۆک لە ئیستانبوڵ لەلایەن گرووپێکى 12 کەسییەوە بە چەقۆ کوژرا، ئامۆزایەکى کوژراوەکەش بۆ 964 وتی، ”لەسەر ئەوەى بە کوردى قسەى کردووە کوشتویانە”.

"هاوڵاتییەکەى دهۆک لەسەر قسەکردن بە زمانى کوردى لە ئیستانبوڵ کوژراوە