وۆركشۆپێك لە بەغدا
ئایا عێراق و كوردستان چۆن بەرەنگاری مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەبنەوە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وۆركشۆپێك لە بارەی مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە عێراق و هاتنەپێشی كارەسات لە بەغدا بەڕێوەچوو، نوێنەری هەرێمی كوردستانیش بەشدار بوو.
وەزارەتی ژینگەی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP ) و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کارەسات (UNDRR) و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ IO، هەروەها بە ئامادەبوونی رێکخراوی GIZی ئەڵمانی، وۆرکشۆپێکی لە رۆژانی 28 تا 30ی ئەم مانگە بە ناونیشانی “دروستکردنی خۆڕاگری: پلاندانانی پێشوەختە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان لە عێراق”، سازكرد.
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕانی كەشوهەوا هەڤاڵ ئەحمەد وەك نوێنەری كوردستان بەشداریی كردووە.
لە وۆرکشۆپەکەدا، وەك لە راگەیاندراوی دەستەكەدا هاتووە، تاوتوێی پلانێکی تۆکمەی نیشتمانی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و مەترسییە گەورەکانی ژینگە کرا، کە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها باس لە دەرفەتەکانی پشتگیریکردن لە دەستپێشخەرییە چالاکەکان کرا، بە گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە سیستمی پێشکەوتووی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ژێرخانی.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، ئامانجی وۆرکشۆپەکە بەهێزکردنی هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی زیادبوونی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، لە رێگەی پەرەپێدانی ستراتیژییەکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان.
وۆرکشۆپەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ بەرزکردنەوەی توانای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکانی کەشوهەوا و گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام کە بەشدارە لە پاراستنی ژینگە.
ئەنجامدانی ئەو وۆركشۆپە لە كاتێكدایە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە مەترسی داڕووخانی ژینگەیی لێدەكرێت و لە راپۆرتێكی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە لە مانگی ئایاری رابردوو بڵاوكرایەوە، ئاماژە بەوە كراوە بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار كەس شوێنی ژیانیان جێهێشتووە.
راپۆرتەكە دەڵێت، عێراق زۆر كاریگەرە بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، بە تایبەتی بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرما و نەبارینی باران بە پێی پێویست و وشكەساڵی و شەپۆڵی خۆڵبارینی بەردەوام و هەروەها پیسبوونی خاك و ژینگە.