لەگەڵ سێ کەسی دیکە
کوردێکی کەرکوک لە ئێران لەسێدارە درا
964+
شۆڕش قادری
هاوڵاتییەکی خەڵکی کەرکوک لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە زیندانی شاری تەبرێز لە ئێران لەسێدارە دران.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، “رۆژی دووشەممە 26.8.2024 سزای لەسێدارەدانی عیرفان عەبدولعەزیز هاوڵاتی کوردی خەڵکی کەرکوک و شاپور حوسێنی خەڵکی تەبرێز و دوو کەسی دیکەی خەڵکی ئەفغانستان لە زیندانی ناوەندیی تەبرێز جێبەجێ کراوە”.
“عیرفان عەبدولعەزیز سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی پاسەوانی کارگەیەکی چیمەنتۆ دەستگیر کراوە و سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێنراوە”، هەنگاو وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سێ کەسەی دیکەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.
تا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو چوار کەسە، لە میدیا حکومییەکان و نزیک لە دەسەڵاتی دادەوەری ئێران بڵاونەکراوەتەوە.