هى شەش مانگە

لە پێباز نزیکەى یەک تۆن مەوادى بەسەرچوو لەناوبرا

وریا فەتاح

لە ناحیەى پێباز، نزیکەى یەک تۆن مەوادى بەسەرچوو و نەشیاو بۆ خواردن و بەکارهێنان لەلایەن لیژنەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و بە رێکارى تەندروستى لەناوبران و سوتێنران.

عەدنان عەلى، بەڕێوەبەرى ناحیەى پێباز بە 964ـى وت،”لەماوەى شەش مانگە یەکەمى 2024 دا، لیژنە هاوبەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیە چالاکانە بەردەوان بوون لە گەڕان و پشکنینى بۆ بازاڕ و مارکێت و شوێنە گشتییەکان و حانوتى قوتابخانەکان”.

وەک باسى دەکات، لە ئەنجامى گەران و پشکنینەکان لەو شەش مانگەدا، دەستگیراوە بەسەر نزیکەى یەک تۆن مەواد و کەلوپەلى بەسەرچوودا.

“بەشێک لە دوکاندار و خاوەن پیشەکان خۆیان ئەو کەلوپەلە بەسەرچوانەیان جیاکردووەتەوە و پەیوەندییان بە لیژنەکانەوە کردووە کە بێن لە ناوى ببەن”، بەڕێوەبەرى ناحیەى پێباز واى وت.

جەختیش دەکاتەوە، ئەو شوێنانەى سەرپێچییەکانیان دووبارە کردووەتەوە رێکارى یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و بە پێبژاردن سزادراون.

“دوێنێ 26ـى ئابى 2024، لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە هەموو ئەو خۆراکە ماوە بەسەرچوانە بە پێی رێنماییەکان لە ناوبران “، عەدنان عەلى واى وت.