هۆکارى ئاگرەکە بووە
پیک نیک 15 تەنکەرەکەى دەروازەى پەروێزخانى سووتاند
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
“شۆفێرێک ویستویەتى لەسەر پیک نیک خواردن دروست بکات، بەڵام ئاگر دزەى کردووە و ئۆتۆمبێلێک سووتاوە، دواتر چەند ئۆتۆمبێلێکى دیکە سووتاوە و شۆفێرەکەش گیانى لەدەست داوە”، ئەوە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانن لە رووداوى ئاگرە گەورەکەى دەروازەى پەروێزخان کە 15 تەنکەرى سووتاند.
رزگار لەتیف، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شەهید هەژار بۆ 964+:
لە رووداوى ئاگرەکەدا کەسێک گیانى لەدەست داوە و 17 کەسیش بریندار بوون و یەکێک لە بریندارەکان بەهۆى سەختى برینەکەى رەوانەى سلێمانى کراوە
ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژى بەرگرى شارستانى گەرمیان بە 964ـى وت،” بەپێى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هۆکارى ئاگرەکە ئەوە بووە، شۆفێرێک پیک نیکى هەڵکردووەو ویستویەتى خواردن دروست بکات، بەڵام لە پیک نیکەکەوە ئاگر دزەى کردووە و ئۆتۆمبێلێک سووتاوە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەى کردووە”.
بە وتەى ئیبراهیم محەمەد، ئەو کەسەى گیانى لەدەست داوە، ئەو شۆفێرە بووە کە ئاگرى پیک نیکەکەى هەڵکردووە.
ئاشکراشى کرد، لە رووداوەکەدا 15 تەنکەر سووتاون”
“10 تیمى بەرگرى شارستانى بە 16 ئۆتۆمبیلى ئاگرکوژێنەوە بەشداریان لە کوژاندنەوەى ئاگرەکەدا کردووە”. وتەبێژى بەرگرى شارستانى گەرمیان واى وت.
لەم لینکەوە زیاتر لە بارەى ئاگرەکە بزانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح