تا ئێستا دوو هەزار و 350 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکاندا ماون

زیاتر لە 130 خێزانی ئاوارە گەڕانەوە شەنگال

+964
هیڤی دێوالی – دهۆک

ئەمڕۆ زیاتر لە 130 خێزانی ئاوارە لە کەمپی ئیسیان گەڕانەوە بۆ قەزای شەنگال، بەڕێوەبەری کۆچ و کوچبەرانی دهۆکیش دەلێت، ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 350 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکان دا نیشتەجێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 2024.8.26، لەبەرەبەیانیەوە و تاوەکو ئێستا لەکەمپی ئیسیانی ناحیەی باعەدرێ 130 خێزانی ئاوارە گەڕانەوە بۆ شەنگال.

سەردار گولۆ، ئاوارەیەکی کەمپی ئیسیان لە ناحیەی باعەدرێ چەند گرتە ڤیدیۆییەکی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، چەند هەفتەیەکە، خێزان و کەسوکارەکانمان مامەڵەی گەڕانەوەکانیانیان تەواو کردبوو، دوێنێ ئێوارە خۆمان ئامادە کرد، بەیانی ئەمڕۆش کەمپەکەمان جێهێشت و لە رێگاداین بۆ شەنگال.

پیردەیان جەعفەر، بەڕێوبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ لە کەمپی ئیسیان 130 خێزان گەڕانەوە بۆ شەنگاڵ، ئەو خێزانانە پێش بڕیاری راگرتنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناو کەمپەکان مامەڵەکانیان تەواوکرابوو.

وتیشی، هەموو ئەو خێزانە ئاوارانە جا چ نیشتەجێی کەمپەکان بن یان دەرەوە، لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بڕی چوار ملیۆن دینار مینحەیان بۆ دابینکراوە و وەریانگرتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، زیاترلە مانگێکە مامەڵەی گەڕانەوە بۆ شەنگال راگیراوە، چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراقین.
هوکاری راگیرانی مامەلەکەش بەهۆی ئەوەوە بووە، کو پێشتر خەڵک هەبووە چوار ملیۆنەکەی وەرگرتووە و لە کەمپەکە ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە، هەروەها بڕیارەکە تەنها بۆ خێزانەکانی ناو کەمپ بووە و ئەوانەی دەرەوەی کەمپی نەگرتووەتەوە.

بەپێی ئامارێکی بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، تا ئێستا نزیکەی 10هەزار خێزانی ئاوارە لە سنووری دهۆک ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ گەڕانەوە بۆ شەنگال، لەم ژمارەیەش زیاتر لە دوو هەزار خێزان گەڕاونەتەوە و نزیکەی 22هەزار و350خێزانیش لە کەمپەکاندا ماون.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

"داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دواخراوە"