"باندێکی مەترسیدار"
سێ کەس دەستگیر کران مانگانە 100 کیلۆ مادەی هۆشبەریان ساغکردووەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی سێ کەس و دەستبەسەرداگرتنی 85 کیلۆ مادەی هۆشبەری راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25.8.2024، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر رایگەیاند، “سێ بارزگانی مادەی هۆشبەر” دەستگیرکران و بڕی 85 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئەو سێ کەسە بە “باندێکی مەترسیدار” دەناسێنێت و دەڵێت، بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دەستگیر کردنی ئەو سێ کەسە هەفتەیەکی خایاندووە و دەرکەوتووە کە کۆگایەکیان هەیە لە یەکێک لە باخەکانی دەوروبەری شاری هەولێر.
دەستگیر کراوەکان مادە هۆشبەرەکانیان لە سنووری قەڵادزێوە هێناوە بۆ کۆگای ناو باخچەکە و لە شاری هەولێر و دهۆک و چەند شارێکی تر ساغیان کردووەتەوە.
“ئەم باندە بەیەکێک لە باندە هەرە مەترسیدارەکانی مادەی هۆشبەر هەژمارە دەکرێ وەک لە دانپێدانانی ئەندامانی باندەکە دەرکەوتووه کە مانگانە زیاتر لە 100 کیلۆگرامیان لە هەولێر و دهۆک و شارەکانی تر ساغ دەکردەوە”، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان وا دەڵێت.