شوفێرانی دەڤەری راپەڕین داوای پێدانی تابلۆ دەکەن
+964
مەجید بیتوێنی
بەشێک لە شوفێرانی دەڤەری راپەڕین گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان نیشاندا و داوا دەکەن تابلۆیان پێبدەن بۆ مینی پاسەکانیان.
لە خۆپیشاندانەکەدا کە لە چوارقوڕنە ئەنجامیاندا، داواکارییان ئەوە بوو تابلۆ بە مینی پاسەکانیان بدەن، ئەوان دەڵێن: مینی پاسەکانیان کێشەیان نییە و مەنەفێستییان هەیە.
عومەر عەزیز، یەکێک لەخاوەن مینی پاسەکانە و قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێ: پێویستە حکومەت هەموو ئەو مینی پاسانە رەقەم بکات کە سفر کیلۆمەترن و پاکوخاوێنن، شیاون بۆ کارکردن.
بە قسەی خۆیان بێت لە دەڤەرەکە 200 مینی پاس هەیە کە هێشتا تابلۆیان پێ نەدراوە، زۆرینەیان هایسی کۆمپانیای تۆیۆتای سەروو مۆدێل 2014ـەن، بەڵام بەپێی رێنماییەکانی هاتوچۆ، تابلۆ بەو ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە یەک مۆدێل لە دواوەن، واتە بۆ ئێستا تابلۆ بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2022 و 2023 دەدرێت.
شۆفێرانی خۆپیشاندەر ئامادەن بەرامبەر پێدانی تابلۆ 500 دۆلار بە حکومەت بدەن، بۆ ئەمەش ناوی خۆیان و جۆری ئۆتۆمبێلەکە و مۆدێل و ژمارە مۆبایلەکەیان خستۆتە سەر لیستێک بۆ ئەوەی بەرزی بکەنەوە بۆ سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم.
تۆڕی964 دەزانێت، ئەو مینی پاسانە لە ئێستادا لە هێڵەکانی گواستنەوە لەنێوان قەزا و ناحیەکانی دەڤەرەکە لە کاردان.