تەواوکاری خۆراکن

کۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێم فرۆشتنی دوو قەترەی راگرت

964+

ئەحمەد مستەفا

دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی دەرمان، کە سەر بە وەزارەتی تەندروستییە، پاش پشکنین “دوو دەرمانی تەواوکاری خۆراکی راگرت” کە بە شێوازی قەترە بە منداڵان دەدرێ و داواشدەکات دەرمانسازەکان فرۆشتنی رابگرن.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان KMCA، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “بۆ مەبەستی زیاتر هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بڕیاری داوە بە راگرتنی فرۆشتنی دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوەژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم، کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدایە”.

بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) بە ژماره باچی (HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باچی (23B038) دروستکراوی کارگەی (inalme)، دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی چاودێریی بازاڕی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA پشکنینی فیزیکیان بۆ ئەنجامدرا دەرکەوت کە تەنۆلکەی بینراو “visible particle” یان تێدایە.

دامەزراوەکە، داوا لەسەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان دەکات لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، “لە ئەمڕۆ بەدواوە فرۆشتنی ئەو دوو بەرهەمە رابگرن، تاوەکو ئەنجامی تاقیگەیی نوێ لەسەر ئەو دوو بەرهەمە دەردەچێت”.

میلاتۆنین چییە؟

لەشی مرۆڤ لە ژمارەیەکی زۆر رژێن پێكدێت، کە یارمەتی رێکخستنی کارە فیسیۆلۆجی و بایۆلۆجیەکانی لەش دەدەن، رژێنی میلاتۆنین یان “رژێنی نووستن” یەکێکە لە رژێنە گرنگەکانی لەشی مرۆڤ، کەمی ئەم رێژێنە لەلەشدا چەندین نیشانەی هەیە.

رژێنی میلاتۆنین، بەجۆرێکە کە لەلایەن رژێنی ژێر مێشکەوە یان، “رژێنی سنەوبەری” دەردەدرێت، هەندێك لە توێژینەوە زانستییەکان باس لەوە دەکەن رژێنی میلاتۆنین لەلایەن چەند بەشێکی تری لەش وەك کۆئەندامی هەرس و مۆخی ئێسکەوە دەردەدرێت، وە کاریگەری لەسەر خەوزران، گرفتی دەروونی و ئاستی ورد بینین دەکات.

وەزارەتی تەندروستی لە بارەی دەرمانەوە هاوڵاتیان ئاگاد...

وەزارەتی تەندروستی لە بارەی دەرمانەوە هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە