رۆژی گومرگی جیهانییە و گومرگەکانی کوردستان لە دەرەوەی بازنەن
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
رۆژی جیهانی گومرگە، گومرگەکانی کوردستان ئەندام نین لە رێکخرای گومرگەکانی جیهان، بەڵام شیرینیان دابەش کردووە.
رێکخراوی گومرگەکانی جیهانی WCO، رۆژی 26ـی کانونی دووەمی هەموو ساڵێکی دیاریکردوە بۆ رۆژی گومرگ لە جیهان، بۆ ئەمساڵیش ئەو رۆژە لەژێر دروشمی “پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو، بەرەوپێشبردنی کولتووری و هاوبەشیکردنی زانیاری و شانازی پیشەییە لە گومرگ”. ئەو رۆژە یاد دەکەنەوە.
ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد، وتی: لە گومرگەکان شیرینیمان بەخشیەوە بەبۆنەی ئەو رۆژە، هاوکات باسی گرفتەکانی گومرگی کرد لەنێوان هەرێم و بەغدا.
دەشڵیت: یەکێک لە کێشە گەورەکانمان لەگەڵ بەغدا ئەوەیە لە کۆنگرە نێودوەڵەتییەکان هەرێمی کوردستان بێبەش دەکەن، ئێمە پێویستیمان بە سیاسەتی گومرگی هەیە لەگەڵ جیهان”.
بە گوتەی ساماڵ عەبدولرەحمان، لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، یەکێک لە داواکارییەکانی هەرێم ئەوەبووە کە دەبێت گومرگەکانی هەرێم بەشداری جدیان هەبێت لە عێراق و ئەو رایەڵەی گومرگی عێراقی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیانە هەرێم لێی بێ بەش نەبێت.
هەرێمی کوردستان چوار مەرزی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازەی بازرگانی هەیە، هاوکات دوو بەڕیوەبەرایەتی کارگۆی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی هەیە.
یەک دەروازەی لەگەڵ تورکیا و سێ دەروازەی لەگەڵ ئێران، سەرجەمیان نێودەوڵەتین، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا و دەروازەی پەروێزخان لە گەرمیان، باشماخ لە سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە هەولێر.
سەرجەم ئەو گومرگانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێن.
بەپێی داتایەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم، بەتەنیا گومرگی ئیبراهیم خەلیل %50ی داهاتی گومرگەکانی تری هەرێمی هەیە.