روونکردنەوەیەکی دوورودرێژ
وەزارەتی دارایی هەرێم: دواكەوتنی موچە پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە نییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەر و تەمویلی موچەوە نییە و ئەوەی لە سۆسیال میدیا لەمبارەیەوە بڵاودەكرێتەوە، ناڕاستن
وەزارەتەكە كەمێك پێش ئێستا روونكردنەوەیەكی دوورودرێژی بڵاوكردەوە، لێرەدا وەك خۆی بڵاوی دەكەینەوە.
روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی / ژمێرکارییەوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕێگایەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبونی تەمویلی مووچەو ژمارەی فەرمانبەرو مووچەخۆرە و هتد…
ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو.
1- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغداد، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بونی مووچەو هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دوبارە بونەوە هەبێت راستتر وابوو هاوکاریەکە ڕابگیرێت نەک مووچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، وە ئەبوایە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان دیاری بکردایە، کەڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.
2- سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد….. ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەموو هاوڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.3- بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماو)، وەهیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت ، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.
4- سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە ڕێکەوتنی سیاسی.
5- سەبارەت بە زیاد بوونى تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (٦و ٧)ـ ٢٠٢٤ ، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووەو بڕی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی ، تەمویلی داواکراو نزیکەی ٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠ نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کەنزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە.
لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی ١٩٩٢ وە دابڕانێکی دورو درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەمووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.
لە دوای ئەو بڕیارەوە هەردولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریاریەکان یەک بخەن، کەئەمەش کارێکی ئاڵۆزو پڕ گرفتە.
ئێمە لەساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین ، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.
وە داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەر کردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەریانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف) ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.
چونکە پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینیانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بەبڕیارێکی ئیداری.بەبیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە دوای ( ٣١ ) ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی ( ١،٤٢٦،٠٠٠،٠٠٠ ) تەنها یەک ملیارو چوار سەدو بیست شەش ملیۆنی دەرکردووە بۆ تەمویلی موچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14)کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئیتر مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە ( ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان ســیاســــــــــــــــــــــی)
بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/٨/٢١