سلێمانی خۆی سەگی بەرەڵای کەم نەبوو هی دەربەندیخانیشی هاتەسەر
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
شارەوانی دەربەندیخان 300 سەگی بەرەڵای شارەکەی دەهێنێتە شێڵتەرەکانی سلێمانی. دەڵێن؛ دانیشتوانی شارەکەیان بێزارکردووە.
تۆڕی 964 دەزانێت لەسەر داواکاریی تەندروستی دەربەندیخان شارەوانی شارەکە بڕیاری گواستنەوەی سەگە بەرەڵاکانی داوە، چونکە چەند حاڵەتێکی پەلاماردان هەبووە هاوڵاتیانیان بریندار کردووە.
عوسمان عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان بە تۆڕی 964ـی وت: قائیمقامییەت هەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کردووین و ئەو 300 سەگە بەرەڵایە دەگوازینەوە شێڵتەرەکانی سلێمانی.
“لەگەڵ ئەو شێڵتەرە قسەمان کردووە کە لە ڕێگەی دەربەندیخان سلێمانییە و دەمانەوێت سەگەکان بۆ ئەوێ بگوازینەوە و هیچ زیانێکیان پێ ناگەیەنین”، عوسمان عەبدوڵڵا وای وت.
هێنانی سەگە بەرەڵاکانی دەربەندیخان بۆ شێڵتەرەکانی سلێمانی لە کاتێکدایە، ئەو شارە خۆی بە دەست هەمان دیاردەوە دەناڵێنێت و لە شەقام و کۆڵانەکان بەردەوام دەبیندرێن.