بەڕێوەبەرى شارەوانییەکان دەڵێت مەعلوماتمان نییە

سەرۆکى شارەوانى سەنگەسەر بە کەفالەت ئازاد کرا

964+

ژوورى هەواڵ

دواى دەستگیرکردنى سەرۆکى شارەوانى سەنگەسەر، بە کەفالەت ئازادکرا، بەڕێوەبەرى شارەوانییەکانى راپەڕین دەڵێت، ئاگامان لە کەیسەکەى نییە و سەرچاوەیەکى ئاسایشی راپەڕینیش بۆ 964 پشتڕاستى دەکاتەوە کە سەرۆکى شارەوانى سەنگەسەر بە کەفالەت ئازاد کراوە.

کەیسى گەرم لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین، بابەتى دەستگیرکردنى سەرۆکى شارەوانى سەنگەسەرە، بۆیە 964 بەدواداچوونى بۆ کەیسەکە کرد و ویستى لە رێگەى زانیارییەکانەوە بابەتەکە ساغ بکاتەوە.

لە دەستپێکدا 964 زیاتر لە سێ جار پەیوەندى بە دلێر ئیسماعیل، سەرۆکى شارەوانى سەنگەسەر کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکەى نەدایەوە.

لاى خۆیەوە، رابەر حەسەن، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بۆ 964 وتى،”دۆسییەکە لای ئاساییشی راپەڕینە”.

دواتر 964 پەیوەندى بە ئاسایشى راپەڕینەوە کرد، سەرچاوەیەکى فەرمى لە ئاسایش کە نەیویست ناوى بهێنرێت بۆ 964 پشتڕاستى کردەوە، سەرۆکی شارەوانی سەنگەسەر لای ئەوان راگیراوە، بەڵام ئێستا بە کەفالەت ئازاد کراوە.

روونیشیکردەوە، دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی سەنگەسەر، پەیوەندی بە کێشەیەکی زەوی و زارەوە هەبووە.

لە بارەى کێشەکەوە ئەو سەرچاوەیەى ئاسایش وتى،” بەهۆی ئەوەی چەند زەوییەکی شارەوانی تەجاوزی کراوەتە سەر و شارەوانی سەنگەسەریش هیچ سکاڵایەکی نەبووە لەسەر ئەو بابەتە لەلایەن دادوەرەوە راگیراوە و ئێستاش بە کەفالەت ئازاد کراوە”.

هەرچەندە باس لەوە دەکرێت جگە لە دەستگیرکردنى سەرۆکى شارەوانى، دوو خاوەن نووسینگەى کڕین و فرۆشتنى زەوى و زار دەستگیرکراون، بەڵام 964 نەیتوانى ئەوە پشتڕاست بکاتەوە.

لە بەدواداچوونەكەی 964 قسەى لەگەڵ ئاوارە کوێخا عەلى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکانى راپەڕینەوە کرد، ئەو وتى،”کاک دلێر سەعاتێک پێش ئێستا لە لای من بوو، بەڵام نازانم کەیسەکەى چییە و مەعلوماتم نییە و لێم نەپرسیووە”.

هەرچەندە 964 ویستى زانیارى دروست لە بەڕێوەبەرى شارەوانییەکانى راپەڕین وەربگرێت، بەڵام وەڵامى ئەو ئەوە بوو کە ئاگاى لێ نییە.

سەنگەسەر، ناحیەیەکە سەر بە قەزاى پشدەرە و لە نێوان قەڵادزێ و رانیەدایە و یەکێک لە کۆنترین ناحیەکانى هەرێمى کوردستانە.

ئەمساڵ لە هەرێمى کوردستان 78 کەس لەسەر گەندەڵى سزادراون

ئەمساڵ لە هەرێمى کوردستان 78 کەس لەسەر گەندەڵى سزادراون