لەسەر پێدانى زەوییەکى پەروەردە بە وەبەرهێنەرێک دەستى لەکار کێشایەوە

بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى کۆتا پەیامى بڵاو کردەوە

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى دواى دەستلەکارکێشانەوەى پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەهیوام پەیامم بگاتە هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان.

لەبەرامبەر پێدانى زەوییەکى 182 دۆنمى وەزارەتى پەروەردە بە وەبەرهێنەرێک، دڵشاد عومەر بڕیارى دابوو ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێنرێتەوە دەستلەکار دەکێشێتەوە، دوێنێش لە لێدوانێکیدا بە 964ـى وت،”بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی پەیوەستە بە داگیرکردنی 182 دۆنم زەوی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ”.

ئەمڕۆ دواى تەواو بوونى ئەو ماوەیەى دیارى کردبوو کە ئەگەر تا 20.8.2024، بڕیارى پێدانى زەوییە 182 دۆنمییەکە بە وەبەرهێنەرێک هەڵنەوەشێتەوە دەستلەکار دەکێشێتەوە، بۆیە بەڵێنەکەى بردەسەر و دەستى لەکارکێشایەوە.

لە کۆتا پەیامیدا، بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندانى پەروەردە نوسیویەتى،”لەماوەی نۆ ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئێوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و  لێپرسراوی هۆبەکان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندان بە ئاسوودەیی زۆر سوودمەند بووم بە پێشنیارو راو بۆچوونەکانتان، کە خۆشەویستیتان بووە بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن، هەرچەندە رووبەڕووی ئاڵنگاری سەخت بووینەتەوە بەڵام دواجار گەشبین بووین بۆ رۆژانی داهاتوو، هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا. هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری”.

دەشڵێت: سەرەڕای کێشەو گرفتەکان و قەیرانەکان و نیگەرانییە سەختەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەو هاندانی ڕێکخراوەکان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خێرخوازان لە نۆژەنکردنەوە و دروست کردنی قوتابخانەو دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن درێغیتان نەکردووە.

لە کۆتایى پەیامەکەشیدا، دڵشاد عومەر وتویەتى،” هیوادارم پەیامم بگاتە هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان”.

سبەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەست لەکار دەکێشێتە...

سبەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەست لەکار دەکێشێتەوە