پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت

کارمەندێکی مەرزی پشتە نزیکەی 240 ملیۆن دیناری بردووە و دیار نەماوە

توانا نەقی

کارمەندێکی مەرزی پشتە کەسەر بە بانک و گومرکی پەروێزخانە نزیکەی 240 ملیۆن دیناری بردووە و دیار نەماوە، ئێستا پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت و فەرمانی گرتنی هەیە.

کارمەندەکە فەرمانبەری گومرکی گەرمیانە و پۆلیس دەڵێت، دوو رۆژ پێش ئێستا ئەوانیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە کە بڕیک پارە براوە و فەرمانبەرەکەش سۆراغی نییە.

عەقید عەلی جەمال قدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، دۆسیەیان بۆ ئەو فەرمانبەرە کردووەتەوە و فەرمانی دادوەریان بۆ وەرگرتووە کە دەستگیری بکەن ئێستاش بەدوایدا دەگەڕێن.

وتیشی، فەرمانبەرەکە بڕی 239 ملیۆن و 850 هەزار دیناری بردووە و دیار نەماوە.

” تا ئێستا ئێمە نازانین ئەو بڕە پارەیە بەیەکجار براوە یاخود بە بەش بەش، چونکە گومرک هیچ وردەکارییەکی بە ئێمە نەداوە ئێستا ئەوە گرنگە کە دەستگیری بکەین” عەقید جەمال وای وت.

مەرزی پشتە لە رووی بانکییەوە سەربە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانە و لە رووی جوگرافییەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە.