45 کەس بە رێگاوەن
لاشەى ورچەکە دەهێنرێتەوە سۆران
964+
ئاکام غەفور- سۆران
نۆ تیم بە رێگاوەن بۆ هێنانەوەى تەرمى ورچە کوژراوەکەى پرژێ، وا بڕیارە پێش ئەوەى دنیا تاریک ببێت بگاتەوە سۆران.
رەوەند هاودیانى، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سۆران بە 964ـى وت، نۆ تیمى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى سۆران کە لە 45 کەس پێکهاتوون، بەرەو پرژێ بەڕێکەوتوون بۆ هێنانەوەى لاشەى ورچەکە.
وەک باسى دەکات، تیمەکە هەموو کەلوپەل و کەرەستەیەکیان پێیە بۆ ئەوەى لاشەکەى پێهەڵگرن و بەبێ شێواندن بیگەڕێننەوە.
“لەبەر ئەوەى کێشى ورچەکە قورسە، تیمەکە توشى ئاستەنگى دەبن، بەڵام ئۆتۆمبێلى دەبڵ ئەکسلیان پێیە بۆ ئەوەى تا دورترین خاڵ لە نزیکى شوێنى ورچەکە بڕوات و بە ئۆتۆمبێل بیهێننەوە”، رەوەند هاودیانى واى وت.
لاى خۆیەوە، ئەحمەد بارزان، قایمقامى قەزاى چۆمان بە 964ـى وت، بیر لە بەکارهێنانى کۆپتەر کراوەتەوە بۆ هێنانەوەى تەرمەکە، بەڵام لەبەر ئەوەى لاشەکەى نزیکە لە بنکەیەکى سوپاى پاسداران و لەبەر بارى ئەمنى وکۆپتەر بەکار نەهێنراوە.
بڕیارە دواى هێنانەوەى لاشەى ورچەکەـ مۆمیا بکرێت و لە چۆمان دابنرێت.
رۆژى 13ـى ئەم مانگە دەرکەوت ورچەکەى سنوورى باڵەکایەتى کە جۆرێکى دەگمەنە بە چەک کوژراوە و دواتر دەنگدانەوەیەکى زۆرى لێکەوتەوە، بەڵام وەک فەرمانگەى ژینگەى سۆران بە 964ـى وتبوو، بەپێى بەدواداچوونەکانیان هەفتەیەک پێش 13ـى مانگ پێدەچێت کوژرابێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح