گهشتوگوزار: پێویستە دابخرێن
داواکاری گشتی لهسهر سەیرانگا بێ مۆڵهتهكانى سۆران هاتەدەنگ
964+
ئاکام غەفور- سۆران
نەبوونی مۆڵەتی کارکردن لە شوێنە گەشتیاریەکانی سۆران، داواکاری گشتی هێناوەتە سەر خەت و داوای مۆڵەتیان لێدەکات و گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، دەیانەوێت شوێنە گەشتیاریەکان مۆڵەتیان هەبێت.
لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەیەکی زۆری سەیرانگا و شوێنی گەشتیاری هەیە، بەڵام کەمن ئەو شوێنانەی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، ئەمەش وایکردوە داواکاری گشتی بە نوسراو داوای گرتنەبەری رێکار بکات بەرامبەریان.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، قسەی بۆ 964 کردوە و دەڵێت، داواکاری گشتی له نوسراوێكدا كه بۆ ئهوانى ناردووه داوا دهكات رێكارى یاسایی بهرامبهر ئهو شوێنه گهشتیاریانه بگیرێته بهر كه بێ مۆڵهتن.
وتیشی “ئێمە پاڵپشتی داواکاری گشتی دەکەین و ههر شوێنێک بێ مۆڵەت کار بکات پێویستە دابخرێت، بەڵام ئەرکی داخستنی ئەو شوێنانە لە ئەستۆی یەکە ئیداریەکانە”.
لەسەر هۆکاری دەرنەهێنانی مۆڵەت، 964 قسەی لەگەل خاوەنی شوێنە گەشتیاریەکان کردوە، موسلیح محەمەد، خاوەنی شوێنی گەشتیاریە دهڵێت، زۆری زەریبە و باج و رسومات هۆکارە بۆ ئەوەی مۆڵەت دەرنەهێنن.
سنوری ئیدارەی سۆران یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریە گرینگەکان کە چوار وەرزی ساڵ گەشتیار سەردانی دەکات، بەپێی ئاماری گەشتوگوزاری سۆران کە بە 964ـی داوە، لە سنورەکە نزیکەی 150 سەیرانگا هەیە کە مۆڵەتیان هەیە، بەڵام هیچ ئامارێک لای ئەوان تۆمار نیە کە چەند شوێن بێ مۆڵەت کار دەکات.
بەپێی ئامارێكی گەشتوگوزاری سۆرانیش كه پێشتر به 964ـى داوه، لە ساڵی 2023 لە سنورەکە زیاتر لە 400 شوێنی گەشتیاری بوونی هەیە، کە بە پێی ئەو ئامارە بێت لە سنورەکە زیاتر لە 250 شوێن بێ مۆڵەتە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن