رۆژانەکەی 10 هەزار دینارە

لە فینلەندا لەدایک بووە لە شارەزوور چایچیە

964+
بڕوا مەجید – شارەزوور

کوڕە گەنجێکی بە ڕەچەڵەک کورد، کە لە وڵاتی فینلەندا لە دایک بووە، خێزانەکەی بە جێهێڵاوە و گەڕاوەتەوە کوردستان بە رۆژانەی 10 هەزار دینار لە چایخانەیەکی شارەزوور کار دەکات.

بە رۆمان کەیهان ئیناغی ناوی دەهێنن، تەمەنی 20 ساڵە و لە شاری تورکوی وڵاتی فینلەندا لە دایک بووە، ماوەی 11مانگە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و خێزانەکەی جێهێشتووە و ئێستا لە چایخانەیەکی قەزای شارەزوور لاری چایچێتی دەکات.

رۆمان بۆ ئەو کارەی زیاتر لە پێنج هەزار و 370 کیلۆمەتر رێگەی بۆ گەڕانەوەی بڕیوە، خێزان، خوێندن لە فینلەندا بەجێهێشتووە.

رۆمان کەیهان، بۆ 964 وتی، “من 18 ساڵ لە فینلەندا ژیاوم، ماوەی 11مانگێکە گەڕاومەتەوە کوردستان، زمانە کوردییەکەم زۆر باش نییە، بەڵام وردەوردە خەریکە فێردەبم و دڵخۆشم بە کارەکەم، بە رادەیەک ئەگەر ناچار نەبم ناگەڕێمەوە فینلەندا”.

رۆژانە کاتژمێر 6:00ی ئێوارە دێتە سەر کارەکەی لە چایخانە و تا کاتژمێر 1:00ی شەو کاردەکات، ئەو لە بەرانبەر ئەو کارەیدا تەنیا بڕی 10هەزار دینار بۆ هەر شەوێک کارکردن وەردەگرێت واتە لە مانگێکدا 300 هەزار دینار بەبێ وەرگرتنی پشوو.

رۆمان دەڵێت، “ئەو پارەیە بەشی رۆژانەم دەکات وبژێوی من دابین دەکات، لە فینلەندا ئەگەر رۆژی 20

0 یۆرۆشت هەبێت ژیانت خۆش نییە و هەردەبێ بەردەوام کار بکەیت، لە کار بۆ ماڵەوە و لە ماڵەوە بۆ سەر کار بەردەوام دەبێ کاربکەیت، بەڵام لێرە من کار دەکەم تێر دەخەوم مەجالی چونەدەرەوە و سەیرانیشم هەیە”.

رووە کۆمەڵایەتییەکەی خەڵک لە شارەزوور سەرنجی ئەوی راکێشاوە و دەڵێت، “لێرە خەڵکی زۆر باشن سڵاو لە یەکتر دەکەن و لەرووی کۆمەڵایەتیوە زۆر خۆشە زۆر مورتاحم بە شارەزوور، لە فینلەند وانیە کەس مەرحەبای کەس ناکات لایەنی کۆمەڵایەتی نیە، لە وەتەی هاتوومەتەوە هیچ کێشە و موشکیلەیەکم لەگەڵ کەس نەبووە و دڵخۆشم لێرەم”.

رۆمان، جگە لە دایک و باوکی برایەکی دیکەشی هەیە و لە ژیاندا ماون، ئەوان لە شاری تورکو لە وڵاتی فینلەندا دەژین، پێش 11 مانگ رۆمان لەگەڵ باوکی گەڕاوەتەوە کوردستان بۆ لای کەسوکاریان لە قەزای شارەزوور و باوکی رۆشتووەتەوە، بەڵام رۆمان لە شارەزوور دەستی بەژیانێکی نوێ کردووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

گۆپتەپە؛ گەشتیاران بۆ مەلەکردن دەچنە سەر زێی بچووک

گۆپتەپە؛ گەشتیاران بۆ مەلەکردن دەچنە سەر زێی بچووک