هەڕەشەی کەمکردنی نانیش دەکەن

نانەواخانەکانی سلێمانی هێشتا کیسەی نایلۆن بەکاردەهێنن

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

نزیکەی مانگێک بەسەر بڕیاری قەدەغەکردنی کیسی نایلۆن لە نانەواخانە و سەمونخانەکاندا تێدەپەڕێت، بەڵام لەناو شاری سلێمانی هەر کیسە نایلۆنەکە بەکاردەهێندرێت، نانەواخانەکانیش دەڵێن، گەر فشارمان لێ بکەن ئەوا لەبری هەشت نان بە هەزار شەش نان دەفرۆشین.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە 24.7.2024 بڕیاری قەدەغەکردنی کیسی نایلۆنی لە نانەواخانە و سەمونخانەکان دەرکرد و رایگەیاند، بەکارهێنانی ئەو کیسە نایلۆنە ناتەندروستە و هۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە بۆیە پێویستە کیسی کاغەز بەکاربهێندرێت.

بەپێی بەدواداچوونی 964، بەشێکی نانەواخانە و سەمونخانەکانی سلێمانی پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون و هێشتا هەر کیسی نایلۆن بەکاردەهێنن.

دلێر ئەحمەد، کە خاوەنی نانەواخانەیە لە گەڕەکی زەرگەتەی کۆنی شاری سلێمانی، بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا ئامادە نین کیسی کاغەز بەکاربهێنن، چونکە نرخەکەی گرانە گەر کیسی کاغەز بەکاربهێنن ئەوا ناتوانن بەو نرخەی ئێستا نان بفرۆشن.

بەوتەی دلاوەر ئازاد، کە نانەوایەکی ترە لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد، کە بۆ 964 قسەی کردووە، پێیان وتراوە کە نابێت کیسی نایلۆن بەکاربهێنن، بەڵام ئەوان ئامادە نین بەو بڕیارەوە پابەند بن.

وتیشی، ” ئەو کیسی کاغەزە بۆنی لێدێت و نانەکەش بۆن دەگرێت، پاشان ئێمە نانی زۆر دەکەین بەردەوام وەجبەی 25ـی و 50 نانیمان هەیە، ئەو زەرفە کاغەزییانەش زیاتر لە 20 نان ناگرێت”.

هەردوو نانەواکە ئاماژەیان بەوەدا، ئەگەر بێت و فشاریان لێ بکرێت بۆ بەکارهێنان، ئەوکات ئەو نانەوایانەی هەشت نان دەدەن بە هەزار دینار بۆ شەش نان کەمی دەکەنەوە و ئەوانەشی شەش نان بە هەزار دینار دەدەن دەبێت بیکەن بە چوار نان.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران

"بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن قەدەغەکرا"

داوا دەکەن تورەکەی خام وەکو جێگرەوەی نایلۆن بەکاربێت

داوا دەکەن تورەکەی خام وەکو جێگرەوەی نایلۆن بەکاربێت