ئەمساڵ زیادى کردووە

638 بازرگان و بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون

964+

دیلان محەمەد- سلێمانى

دەزگاى ئاسایشى هەرێم دەڵێت، بەکارهێنانى و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان زیادى کردووە و ئەمساڵ 638 کەس دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەلام عەبدولخالق، بەرپرسى راگەیاندنى دەزگاى ئاسایشى هەرێم بە 964ـى وت،”بە شێوەیەکى زانستى بڕى زیاتر لە 150 کیلۆگرام مادەى هۆشبەر لەناودەبەین کە پێشتر دەستى بەسەرداگیراوە و بڕیارى لەناوبردنى دراوە.

وەک باسى دەکات، ئەمساڵ 638 بازرگان و بەکارهێنەر و مامەڵەکارى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 250 تۆمەتباریان بەکارهێنەرن و ئەوانی تر بازرگان و مامەڵەکارن.

جەختیش دەکاتەوە کە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر زیادى کردووە و چالاکییەکانى ئاسایشیش بۆ رووبەڕووبونەوەیان زیادى کردووە.

ماوەیەک لەمەوبەریش ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم لە راگەیەندراوێکدا، ئامارى هەشت مانگ و نیوى رابردوو 24ـى تشرینى یەکەمى 2023 تا 12ـى تەمموزى 2024ـى بڵاوکردەوە کە تێیدا لەو ماوەیەدا 952 کیلۆگرام مادەى هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە بەم شێوەیە:

5 کیلۆگرام جۆرى هێرۆین

89 کیلۆگرام جۆرى حەشیش

3 کیلۆگرام جۆرى ماریجوانا

28 کیلۆگرام جۆرى تلیاک

205 کیلۆگرام جۆرى کریستاڵ

51 کیلۆگرام جۆرى کریستاڵى تێکەڵ شلەمەنى

365 کیلۆگرام جۆرى حەبى هۆشبەر لە جۆرى کاپتاگۆن کە دوو ملیۆن و 200 هەزار دەنکە

206 کیلۆگرام جۆرى حەبى جۆرى کاپتاگۆن پێچراوە بە فوم  کە ملیۆنێک و 200 هەزار دەنکە

28 هەزار و 944 شیت حەبى هۆشبەر لە جۆرى ترامادۆڵ

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە هەشت مانگدا نزیکەى یەک هەزار کیلۆگرام مادەى هۆشبەر ...

لە هەشت مانگدا نزیکەى یەک هەزار کیلۆگرام مادەى هۆشبەر دەستى بەسەرداگیراوە