راگەیاندراوێک لە تۆڕی 964ەوە:

رێکلامی هەڵبژاردن بڵاوناکەینەوە و ناهێڵین پلاتفۆڕمەکانمان بۆ ململانێ بەکاربهێندرێن

+964

ژووری هەواڵ

تۆڕی 964 بۆ رووماڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەخشەرێگای خۆی داڕشتووە و لە رێی راگەیەندراوێکەوە وردەکاری بڕیارەکان دەخاتە بەرچاوی وەرگرانی.

پوختەکەی ئەمەیە:
– ناهێڵین هەوڵی چەواشەکارانە و ململانێی ناڕەوا لە رێی ئێمەوە بڵاوببێتەوە.
– ئەو هەواڵانەی پەیوەستن بە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن بایەخێکی تایبەتیان هەیە.
– رێکلامی بانگەشەی هەڵبژاردنی هیچ هێز و لایەن و کاندیدێک وەرناگرین و بڵاویان ناکەینەوە.
– ناهێڵین پلاتفۆڕمەکانمان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ بانگەشەی هیچ هێز و لایەنێک بەکاربهێندرێن.

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیە:

لە هەڵبژاردندا چی دەکەین؟
ئەگەر هیچ نەگۆڕێت، 10 هەفتەی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە ئێستاوە زۆربەی لایەنەکان بە ناڕاستەوخۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە.
وەک هەمیشە، 964 بە پیر ئەم رووداوە دەچێت، وەک هەموو رووداوە گرنگەکانی کوردستان، بەڵام گرنگ ئەوەیە وەرگرمان بزانن چی دەکەین؟

ئەمڕۆ گەیشتینە ئەم بڕیارانە:
– لە هەڵبژاردندا، 964 بە هەمان مەودا لەگەڵ هەموو هێز و لایەنەکاندا دەوەستێت و رێزی هەموو هێزەکان و دەنگدەرانیان دەگرێت، بەڵام خۆمان دەپارێزین لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک کە توندوتیژی و چەواشەکاری بڵاوبکاتەوە و سەر لە خەڵک بشێوێنێت و بۆنی ململانێی ناڕەوای لێبێت.

– 964 بڕوای وایە هەڵبژاردن هەوێنی چەسپاندنی دیموکراسییە، بۆیە لای ئێمە هەموو ئەو هەواڵ و زانیارییانەی پەیوەستن بە بەشداریی خەڵک و بەرچاوڕوونیان بۆ شێوازی دەنگدان و دۆزینەوەی شوێنی دەنگدان و چاودێریی پرۆسەکە، بایەخێکی تایبەتیان پێ دەدرێت.

– بۆ ئەوەی بتوانین بە یەک مەودا لە نێوان هەموو لایەنەکاندا بمێنینەوە، ریکلامی بانگەشەی هەڵبژاردنی هیچ هێز و لایەن و کاندیدێک وەرناگرین و بڵاویان ناکەینەوە.

– هەم تیمی ژووری هەواڵ و هەم پەیامنێرانمان وردتر و وریاتر دەبن لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی ئەم ماوەیە. تا بتوانین ناهێڵین پلاتفۆڕمەکانمان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ بانگەشەی هیچ هێز و لایەنێک بەکاربهێندرێن، خۆ ئەگەر بێ مەبەست ئەوەمان بەسەردا تێپەڕی، ئەوا وەک هەموو جارێکی دیکە، بێ دوودڵی بە وەرگرەکانمان دەڵێین ئێمە هەڵە بووین و داوای لێبوردنیان لێدەکەین.

بۆچی ئەم بڕیارەمان دا؟
نزیکەی ساڵ و نیوێکە 964 دامەزراوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵمانداوە شێوازێکی نوێی کارکردن بهێنینە ناو میدیای کوردی و عێراقییەوە، شێوازێک کە خەڵک چەقەکەیەتی، شێوازێک کە سەلماندی هەواڵی کوچە و کۆڵانەکان و ژیانی رۆژانەی خەڵک گرنگیی کەمتر نییە لەو هەواڵە سیاسیانەی کە میدیای کوردییان تەنیوە.
ساڵ و نیوێکە، هەرچی دەیزانین، وەک خۆی بڵاوی دەکەینەوە، بەڵام بێگومان بە بەرپرسیارێتییەوە، لە هەمان کات، خۆمان دەپارێزین لەو هەواڵانەی دەروونی خەڵک دەشێوێنن و رکابەری نابەجێ و شارچێتی و توندوتیژی و ناکۆکی بەرهەم دەهێنن.

هەر لەسەرەتاوە، ورد و درشتی شێوازی کارکردنی 964 مان بە روونی بۆ وەرگرەکانمان باس کردووە، ئێستاش لەسەر هەمان بنەما ئەم بڕیارەمان داوە، هەرچەندە بڕیارەکەمان ئاسان نییە و لەسەر حیسابی باری داراییمانە، بەڵام لە کەشی میدیایی و سیاسی ئەمڕۆی کوردستان، پێمان وایە بڕیارێکی پێویست و بەرپرسیارانەیە، وەک دەزگایەکی سەر بە خەڵک.

تیمی بەڕێوەبردنی 964