نەخۆشییەکى کشتوکاڵییە
چارەسەرى گیاکەڵە دۆزرایەوە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
ئەندازیارێکى کشتووکاڵى دەڵێت، چارەسەرێکى کیمیایى بۆ گیاکەڵە دۆزراوەتەوە و چیتر جوتیاران بەرامبەرى دەستەوستان نابن.
رێبوار محەمەد، ئەندازیارى کشتوکاڵى بە 964ـى وت،”گیاکەڵە، گیایەکى مشەخۆرە لەسەر رەگى تەماتە و تووتن و بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەڕوێت کە زیاتر لە 80 جۆرى هەیە و بە شێرپەنجەى کشتوکاڵى ناسراوە و دەبێتە هۆى لەناوچوونى بەرهەمى کشتوکاڵى بەتایبەت تەماتە و توتن”.
روونیکردەوە،تا سێ ساڵ لەمەوبەر هیچ چارەسەرێکى نەبوو، جوتیاران لە ئاستی دەستەوەستان بوون، بەڵام ئێستا توانراوە دواى سێ ساڵ لە تاقیکردنەوە چارەسەرێکى کیمیایى بۆ بدۆزرێتەوە.
ئاشکراشى دەکات، بەپێى ئەو بەدواداچوونانەى کردوویانە بەرێژەى 98%، چارەسەرە کیمیاییەکە سەرکەوتنى بەدەستهێناوە.
گیاکەڵە، رووەکێکە تەمەنى درێژى ناگات بە ساڵێک، لە رێگەى تۆوەوە سەردەردەکات و بەخێرایى تەشەنە دەکات و بەخێرایى ئەو بەرهەمە دادەپۆشێت کە لە زەوییەکە چێنراوە.
لە هەرێمى کوردستان تاکە چارەسەر لاى جوتیاران هەڵکێشانى بووە، بەڵام زۆر جارە لەرەگەوە دەرنەهێنراوە و دواتریش بە زەوییەکەیدا تەشەنەى کردووە، بۆیە ئەم چارەسەرە سەرەتاییەى سەرکەوتوو نەبووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح