"کۆنتڕۆڵکردنى شتومەکى هەرێم"
خاڵێكى گومرگى لە نێوان هەرێم و عێراق لە خانەقین دانرا
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
،دەستەی گومرگیی عێراق دوو خاڵی گومرگی دامەزراند کە یەکێکیان لە خانەقینە، سەرچاوەیەكیش دەڵێت، مەبەستی ئەو كارە کۆنتڕۆڵکردنی شتومەکە هاوردەکراوەکانە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو عێراق
سەرچاوەیەک لە دەستەی گومرگیی عێراقی كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە 964ـى راگەیاند، لە 14.5.2024 دەستەی گومرگی عێراق بڕیاری دامەزراندنی دوو خاڵی پشکنینی گومرگی دا، کە یەکێکیان لە بازگەى باوە مەحمودە له خانەقین و دووەمیان لە بازگەکەی بەنداوی موسڵە .
وتیشی، لە یەكی ئەم مانگەوە دەست بە رێکارەکان کراوە و ئێستا ئەو بازگەیە دەستبەکار بووە و خەریکی دروستکردنی بینان.
روونیشى کردەوە، مەبەست لە دانانی ئەم بازگە گومرگییانە کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمى ناوخۆى هەرێمە، کە رۆژانە بە بارى گەورە بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەچن، چونکە زۆرێک لەو بەرهەمانەى لە هەرێم رێپێدراون لە عێراق قەدەغەیە و رێگە بە تێپەڕبوونى نادرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراى کرد، تەنیا لە بازگەى باوە مەحمودەوە هەفتانە 800 بۆ 900 بارهەڵگر بەرەو عێراق دەڕۆن کە 100 بۆ 150 بارهەڵگرییان سیرامیک دەگوازنەوە، کە زۆرترینیانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح