سەرپەرشتیارى گەراجەکە هەڕەشەیان لێدەکات
شۆفێرانى گەراجى خورماتوو گردبوونەوە
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شۆفێرانى گەراجى خورماتوو، دژى زیادکردنى شۆفێرى دیکە بۆ هێڵەکەیان گردبوونەوە و وەک خۆیان دەڵێت، نەفەر کەمە و نابێت شۆفێرى دیکە زیاد بکرێت، سەرپەرشتیارى گەراجەکەش بە هەڕەشەى دەستگیرکردن وەڵامیان دەداتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، شۆفێرانى هێڵى خورماتوو کەرکوک لە ناو گەراجى خورماتوو کە ژمارەیان 100 شۆفێرێک دەبوو، گردبوونەوە.
بە وتەى شۆفێران بێت کە بۆ 964 قسەیان کردووە، ساڵانێکە بە نایاسایی بەردەوام شۆفێر بۆ نێو هێڵەکەیان زیاد دەکرێت، بەجۆرێک ئیشوکاریان بەتەواوی لاوازبووەو داواکارن لە لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری دۆخەکەیان بۆ بکەن.
گەراجی خورماتوو، هەرەیەک لە هێڵەکانی کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و کفری و کەلار لەخۆى دەگرێت.
عەبدوڵا کەرار، سەرپەرشتیارى گەراجەکە بە توندترین شێوە هەڕەشە لەو شۆفێرانە دەکات کە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و بە 964ـى وت،”زیادکردنى شۆفێر بە یاسا کراوە، بەڵام گردبوونەوەى ئەوان نایاساییە و ئەگەر کۆتایى پێنەیەنن دەستگیریان دەکەن و رووبەڕووى یاسایان دەکەنەوە”.
سەرپەرشتیاری گەراجەکە رونیشى کردەوە، گەراجەکە زیاتر 400 ئۆتۆمبێلی سەرجەم هێڵەکانی تێدایەو ئەمڕۆش 134 شۆفێری هێڵی نێوان خورماتوو کەرکوک گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
شۆفێران هێڵەکە لە باس لەوە دەکەن ئەگەر چارەسەرى کێشەکەیان نەکرێت، رێگاى سەرەکى کەرکوک بۆ بەغدا، دادەخەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح