بارەگای بزوتنەوەی ئیسلامی درا بە پۆلیس

میدیازان – مەجید بتوێنی – رانیە

بەهۆی ناکۆکی باڵەکانی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە چارە نەماوە جگە لەوەی بارەگاکەیان لەرانییە بدەن بە پۆلیس.

دوای کۆنگرەی حزبی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ناکۆکیەکان قووڵ بوونەوە تا گەیشت بە جیابوونەوەی باڵێکی حزبەکە.

دوای جیابوونەوەی باڵی کامل حاجی عەلی لە عیرفان عەبدولعەزیز  رێبەری حزبی بزوتنەوەی کوردستان، لەناو مەڵبەندی 4ی ئەو حزبە لە رانیە ناکۆکیەکان گەیشتنە ئاستێک تا مەڵبەند چۆڵ کرا و درایە دەست هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بۆ میدیازان هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، دوو رۆژە مەفرەزەیەکی پۆلیس لەسەر رەزامەندی هەردوو باڵەکەی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ پاراستنی بارەگاکە لەوێدا جێگیرکراون “بۆ ئەوەی کەلوپەلەکانی ناو بارەگاکە پارێزراو بێت.”

وتیشی، مەفرەزەکانیان لەوێ دەبن تا هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتن و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. سەبارەت بە توندوتیژی و تەقەکردن راگەیاند  هیچ زانیارییەکیان پێ نەگەیشتووە لەوبارەیەوە .