"سەرچاوەی هەڕەشە نابین"

نێچیرڤان بارزانی بۆ پزیشکیان: گەشتیاران زیاتر لە هەرێمەوە هاتوچۆ بکەن

964+

ئەحمەد مستەفا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەرۆک کۆماری ئێرانی بینی و داوای لێکرد، “گەشتیارانی ئێرانی کە دەچنە ناوچەکانی باشووری عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە زیاتر هاتوچۆ بکەن، هەروەک بانگهێشتی کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکات”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31.7.2024، نێچیرڤان بارزانی، مەسعود پزیشکیان- ی بینی و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “نێچیرڤان بارزانی وتوویەتی، هەرێمی كوردستان ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێرانی کردووە، هەروەک باس لە سەقامگیری و هاوکاری ئەمنی کراوە، لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، “نێچیرڤان بارزانی داوایکردووە، رێژەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە رێگەی هەرێمەوە زیاتر بێت و ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەنێوان هەردوولادا فراوانتر ببێت”.

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو لە نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار و سەردانیکار بۆ هەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوون، لەو ژمارەیەش زۆرینەیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوون.

هەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 150 کۆمپانیا گەشتیاری ئێرانییان هێناوەتە هەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکانیان پێ ناساندوون.

لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان و ناوچەی گەشتیارین.

پێشوازی سەرۆک کۆماری ئێران، لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛

+964صورة من منصة (شبكة):