هونەرمەندانی سلێمانی شوقە وەردەگرن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هونەرمەندانی سلێمانی شوقە بە پێشەکی یەک دەفتەر دۆلار و قیستی درێژخایەن وەردەگرن. سەندیکاکەیان دەڵێت، نزیکەی 1800 هونەرمەند لێی سوودمەند دەبن.
تۆڕی964 لە زانیارییەکانی لقی سلێمانیی سەندیکای هونەرمەندانەوە دەزانێت، سەندیکاکە لەگەڵ کۆمپانیای قەیوان رێککەوتوون لە پرۆژەی بەرزاییەکانی قەیوان لە بناری گۆیژە لە رۆژهەڵاتی سلێمانی شوقە بە هونەرمەندان بدات.
ڕۆژگار کەمال، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای هونەرمەندانی سلێمانی بە تۆڕی964ـی راگەیاند: شوقەکان تەنها ئەو هونەرمەندانە دەگرێتەوە کە ئەندامی سەدنیکان، چونکە لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکەدا دەبێت پشتگیریی سەندیکا بوونی هەبێت.
شوقەکان 100 مەتری و 120 مەتری دەبن، رووی سلێمانی مەتری بە 800 دۆلار خەمڵێندراوە و رووەکەی تریشی بە 700 دۆلار. پێشەکیی یەک دەفتەر دۆلار وەردەگیرێت و دوای چوار ساڵ لەگەڵ تەواوبوونیدا 7500 دۆلاری تر وەردەگیرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بە قیستی مانگانەی 250 دۆلار لێیان وەردەگیرێت.
“نزیکەی 1800 هونەرمەند کە ئەندامی سەندیکاکەن سوودمەند دەبن و وەرگرتنی ئەو شوقانەش لەسەر هونەرمەندان بە سوودمەندبوو هەژمار ناکرێت”، ڕۆژگار کەمال وای وت.
ئەم کارە تا ئێستا تەنها بۆ لقی سلێمانیی سەندیکاکەیە، چونکە نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە تۆڕی 96ـی وت: “تا ئێستا تەنها لە سلێمانی ئەوە کراوە لە هیچ کام لە لقەکانی تر بوونی نییە”.