ئەم هەفتە دادگای فیدڕاڵ بەس خەریکی هەرێمە
+964
فەرمان سادق
بڕیارە دانیشتنەکانی داهاتووی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، پێوەندار بێت بە 400 ملیارەکەو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و پارەی بایەعی.
سبەی چوارشەممە 25ـی کانونی دووەم، دادگای باڵای فیدڕاڵ لەسەر پرسی 400 ملیارەکە کۆدەبێتەوە.
لە رۆژانی 30 و 31ـی ئەم مانگەش، دادگای باڵای فیدڕاڵ لەسەر پرسی پارەی کۆبۆنی خۆراک و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی هێشتا عێراق 400 ملیارەکەی بۆ هەرێم نەناردووە، بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵ لەسەر سکاڵایەکی مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واست تۆمار کراوە.
ئەوان لە سکاڵاکەیاندا داوا دەکەن بڕیاری ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و بڕیارەکانی ژمارە 401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021ـی ئەنجومەنی وەزیران، هەڵبوەشێنرێتەوە کە پاڵپشتن بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
تا ئێستا سێجار ئەو سکاڵایە دواخراوە کە دوایینجار 18ـی ئەم مانگە بوو.
هەرچی پەیوەندارە بە سکاڵای دووەم کە بڕیارە 30ـی ئەم مانگە دادگا لەسەری کۆببێتەوە، پێوەندارە بە پارەی کۆبۆنی خۆراک و سکاڵایەکە لەلایەن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتی بازرگانی خۆراکى حکومەتى فیدراڵى لە دژى وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانی تۆمارکراوە. لە سکاڵاکە داوا دەکات ئەو پارانە بگەڕێنەوە کە لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشە خۆراکى مانگانە کە لە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستانیان وەرگرتووە لە یەکى کانوونى دووەمى 2004ـەوە تاوەکو 30ى ئەیلوولی 2021.
ئەو داوایەش تاوەکو ئێستا سێ جار دواخراوە، رۆژی سێشەممە هەشتى تشرینى یەکەمى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەیەوە کۆبووەوە و بڕیاردانی لەبارەوە دواخست.
هەرچی سکاڵای سێیەمە، پێوەندارە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە هەریەکە لە نەوەی نوێ و یوسف سادق، سەرۆکی پێشتری پەرلەمان تۆمار کراوە.
ئەو سکاڵایە بڕیارە لە 31ـی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدڕاڵ لەبارەیەوە کۆدەبێتەوە، ئەم سکاڵایەش هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی لەلایەن دادگایەکەوە جارێک دواخراوە.
پەرلەمانی کوردستان لە نۆی تشرینى یەکەمى 2022، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان بۆ دوو وەرز درێژ کردەوە.