کوژێنراوەتەوە
تائێستا هۆکارى ئاگرەکەى گۆیژە دیار نییە
964+
وریا فەتاح
بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگرێکى گەورە لە شاخى گۆیژەى سلێمانى کەوتەوە نزیکەى 200 دۆنم پوش و پەڵاش و دارستانى سوتاند.
ئارام عەلى، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سلێمانى بە 964ـى وت،”کاتژمێر 3:05 خولەکى بەرەبەیانى ئاگادارکراینەوە لە بوونى ئاگرێک لە شاخى گۆیژە، تیمەکانمان بەزوویى گەیشتنە شوێنەکە و کاتژمێر پێنج و شتێک ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
هەرچەندە تائێستا هۆکارى ئاگرەکە و زیانەکانى دیارى نەکراون، بەڵام بە وتەى بەرگرى شارستانى سلێمانى، زۆرینەى ئەوەى سوتاوە پوش و پەڵاشە لەگەڵ ژمارەیەک سنەوبەر.
ئارامى عەلی باسى لەوەشکرد، بۆ هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.
ئەو شوێنەى چیاى گۆیژە کە ئاگرەکەى تێدا دروستبووە، دەکەوێتە پشت پڕۆژەى چاڤیلاند.
بەپێى خەمڵاندنەکانیش رووبەرى سوتێنراو نزیکەى 200 دۆنم زەوى دەبێت، بەڵام تائێستا ئەمە ئامارى کۆتایى بەرگرى شارستانى نییە.
چیاى گۆیژە دەکەوێتە شارى سلێمانى و بەسەر سلێمانیدا دەڕوانێت، بەهۆى هەڵکەوتەکەیەوە بووەتە ناوچەیەکى سەرنجڕاکێش و خەڵکێکى زۆر رووى لێدەکەن.