لەسەر کار لایان دەدات
وەزارەتی نەوتی عیراق بژێوی ژیانی دوو هەزارو 400 خێزان دەبڕێت
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لەسەری ساڵەوە وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە بژێوی ژیانی دوو هەزار و 400 پاسەوانی بۆری و بیرە نەوتییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور ببڕێت و رەوانەی ماڵەوەیان بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28.7.2024، دەیان پاسەوانی بۆری و بیرە نەوتییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە نوێنەرایەتی دوو هەزار و 400 پاسەوان لە بەردەم ئیدارەی کۆمپانیا لە گەڕەکی عەرەفە دەستیان بە خۆپشاندان کرد و داواین کرد کار بەو بڕیارە نەکرێت چونکە، “چەندین شەهید و برینداریان داوە لەبەرامبەر موچەیەکی زۆر کەم”.
زافر مەنسور، پاسەوانی یەکێک لە بیرە نەوتییەکان بە 964ـی وت، لە ساڵی 2005ـەوە پاسەوانی بیرەنەوتییەکانی بای حەسەن و دووبز و هەنجیرە و داقوقن بەرامبەر بە موچەی 250 وهەزار دینار کار دەکەن، داواکارن بکرێن بە پاسەوانی گرێبەست یاخود هەمیشەیی.
زافر وتیشی، “هیچ مافێکمان نییە و هەرکاتێک بیانەوێت دەرماندەکەن لە کارەکە، داواکارین حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بێت بە هانامانەوە و چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە”.
سەنگەر عەلی، پاسەوان بیری نەوتی بای حەسەن بە 964ـی وت، ئێمە شەهید و بریندارمان داوە لە کاتی ئەرکی پاسەوانێتی، ئەرکەکەمان قورسە لەبەرامبەر بڕە پارەیەک کەم.
بە وتەی پاسەوانەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریداوە ژمارەیەک پاسەوانی دیکە کە لەدایکبووی ساڵانی 2005 و 2004ـن دابمەزرێنێت لەشوێنی ئەوان.
عەباس حەسەن لە بەشی راگەیاندنی کۆمپانیای نەوتی باکور بە 964ـی وت، “ئەو پاسەوانانە مافی خۆیانە، تاکو ئێستا وەزارەت نەیتوانیەوە دایان بمەزرێنێت بەگرێبەست یاخود هەمیشەیی، ئەوەی ئێستا بەنیازە ئەنجامی بدات دوریان بخاتەوە کارێک باش نییە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش