پارێزراو دەبن لە مەترسیەکانی لافاو
شەقام و ئاوەڕۆکانی گەڕەکی گەڕەسوور – تەعجیلی شاری هەولێر تەواو دەکرێن
964+
ژێوار خدر
دوای دوو ساڵ لە وەستانی کارەکانی پڕۆژەی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی گەڕەسوور- تەعجیلی شاری هەولێر دەستیان پێکردەوە.
پارێزگای هەولێریش دەڵێت، بە تەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە هەزار خێزان لێی سوودمەند دەبن و هاتووچۆ کردنیان ئاسانتر دەبێت، مەترسی لافاو لە گەڕەکەکە کەم دەبێتەوە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.
پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لەدوای ئەوەی لە ساڵی 2022 بەهۆی کێشەی داراییەوە کارەکانی ئەم پڕۆژەیە وەستێندراون، ئێستا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردووەتەوە.
بەپێی راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر، پرۆژەکە بە بڕی 648 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێدەکرێت.
کارەکانی پڕۆژەکە پێکهاتوون لە بڕین بە رووبەری 46 هەزار مەتر دووجا، تێکەڵەی جۆری A بە رووبەری 38 هەزار مەتر دووجا، فەرشکردنی چەگلی شکاو بە رووبەری 22 هەزار مەتر دووجا، ئاوەڕۆی لولەیی تیرە 120سم بەدرێژی 1350م و ئاوەڕۆی تیرە 75سم بەدرێژی 600 م.