لە قۆناغی ئەزموونیدایە
کارەبای گەڕەکێکی هەولێر بۆ تاقیکردنەوە کرایە 24 کاتژمێری
964+
ژووری هەواڵ
کارەبای بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی شادی لە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر کرایە 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەباش دەڵێت، پرۆژەکە لە قۆناغی ئەزموونیدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.7.2024، وەزارەتی کارەبای کوردستان رایگەیاند، پرۆژەیەکەی ئەزموونییان دەستپێکردووە کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێرییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی.
“هەماهەنگی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کراوە بە مەبەستی رێگریکردن لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا”، وەزارەتی کارەبا وا دەڵێت.
دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی گەڕەکەکە لە رێگەی SMSـەوە ئاگادار دەکرێنەوە لە بارەی رێژەی بەکارهێنان و مانگانە تەنیا یەک پسوڵەی کارەبایان بۆ دێتەوە، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئەمە ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانیان بزانن.
“ئەم پڕۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواکارییەکانی هاوڵاتییان تێبگات، تا لە داهاتوودا بتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بە شێوەیەکی کارامە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات”، وەزارەتی کارەبا وا دەڵێت.