"ئاو تێکەڵی نەوتەکەی بووە"

لە گەرمیان کێڵگەیەکی نەوت بەیەکجاری دادەخرێت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

کێڵگەی نەوتی چیاسورخ لە ناحیەی قۆرەتوو سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بەھۆکاری خراپی کوالێتی نەوتەکەی، بەیەکجاری دادەخرێت.

ماوەی زیاتر لە شەش مانگە کارکردن لە کێڵگەکە راگیراوە و نەوتی تێدا بەرھەم نایەت، ئاو تێکەڵ بە بیرە نەوتەکان بووە، کوالێتی نەوتەکە خراپ بوو.

سەردار محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو بە 964ـى وت، “لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، دوێنێ چوارشەممە 24.7.2024 پەیوەندیمان پێوە کراوە کە بڕیاری داخستنی یەکجاری کێڵگەکەیان داوە”

تاکو ئێستا بە نوسراوی فەرمی ھیچ شتێکمان بەدەست نەگەیشتووە، تەنھا بە تەلەفۆن پێیان وتوین، لە ھەفتەی داھاتوو کێڵگەکە لە کۆمپانیاکە وەردەگیرێتەوە و رادەستی پۆلیسی نەوت و گاز دەکرێت، سەردار محەمەد وای وت.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو ھاوڵاتیانەی زەویەکانیان بەر کێڵگەکە کەوتبوو، بەڕێوەبەرەکەی ناحیەی قۆرەتوو وتیشی، “چەند ساڵێکە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان قەرەبووی ئەو ھاوڵاتیانەی ڕاگرتووە، نازانین لەدوای داخستنی ئەو کێڵگەیە زەویەکانیان پێدەدرێتەوە یان قەرەبوەکانیان بەردەوام ئەبێت، ئەوەیان لای وەزارەتەکە خۆیانە”.

لەکاتی کارکردنیدا کێڵگەی نەوتی چیاسورخ بەرھەمی رۆژانەی نزیکەی 1500_2000 بەرمیل بوو، بەرھەمەکەشی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەکاردەھاتەوە

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی چیاسورخ رادەگیرێت

بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی چیاسورخ رادەگیرێت