ماسییەکان لە سەرەمەرگدان
پێشنیارێک بۆ رزگارکردنی گیانی ماسییەکانی سەرسوراو دەکرێ
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بە گوێرەی ئەوەی لە چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی دەرکەوتووە، “بەهۆی وشکبوونی چەمی سەر سوراوەوە لە قەزای پێنجوێن سەدان ماسی کە گەرای ئەمساڵن لە ناو چوون”.
گوندی سەرسوراو، سەر بە ناحیەی گەرمکە و دانیشتووانەکەی سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن، نزیکەی 100 ماڵێک دەبن، لە چەمی سەرسووراو ژمارەیەکی زۆر گۆمی لەو جۆرە هەیە کە سەدان ماسی تێدایە.
ئاوات حەمەساڵح ئەو کەسەی دیمەنە ڤیدیۆییەکانی تۆمارکردووە و بۆ 964ی ناردووە دەڵێت، ساڵانە لەم کاتەدا چەم و رووبارەکانی پێنجوێن وشک دەبن و ئاستی ئاو دادەبەزێت و ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەدا تێبینیی مرداربوونەوەی ژمارەیەکی زۆر ماسی کردووە.
وتیشی، “هەموو ئەو ماسییانەی مرداربوونەتەوە گەرای ئەمساڵن و ماسی وردن”، ئەو باسی لەوەش کرد، “بەپێی توانا هەوڵیانداوە بەشێکیان لێ رزگار بکەن، بەڵام لە کاتەکانی بەیانیدا ئەو باڵدارانەی ماسی دەخۆن و دێنە ئەو ناوچەیە، بوونەتە سەرچاوەی خۆراکیان”.
ئەو بۆ چارەسەری ئەو دۆخە وتی، “ئەگەر بە پلان بتواندرێت چەند چاڵێکی تایبەت هەڵبکەندرێت تا ماسییەکان بکرێتە ناوی، ئەوا دەتوانرێ سوودێکی زۆر لەو رێژە و ژمارە زۆرەی ماسییەکان ببینرێت”.
ناوچەی پێنجوێن ناوچەیەکی سنووری و کشتوکاڵییە و کەمتر خاوەنی بەرهەمی ماسییە، بەڵام عادل جەلال، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ی وت، “دوای ئاگادارکردنەوەمان مەفرەزەیەک براوەتە جێگای رووداوەکە، لێکۆڵینەوە دەکەن لە بارەی هۆکاری وشکبوونی چەمەکە و و ئەگەر خۆی وشکی کردبێت لەم وەرزەدا ئەوە هیچ ناکرێت، ئەگەریش ئاوەکە لادرابێت ئەوا رێکاری پێویست دەگرنەبەر”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا