پەروەردەی عێراق:

ئەمساڵ 500 قوتابخانە دەخرێنە خزمەتی خوێندنەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی پەروەردەی عێراق تەواوبوونی 35 قوتابخانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی “قوتابخانەکەم جوانترە” پشتڕاستکردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا زیاتر لە 500 قوتابخانە لە ماوەی ئەمساڵدا دەخرێنە خزمەتی خوێندنەوە.

وتەبێژی وەزارەتەکە کەریم سەید، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردە هەوڵی زۆر بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەکانی بیناسازی قوتابخانەکان دەدات، جەختیشی لەوە کردەوە کە “پێشکەوتنی گەورە لەم پڕۆژانەدا هەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، “500 قوتابخانەی نوێ و نۆژەنكراوە دەچنە خزمەتەوە تا کۆتایی ساڵی 2024، جگە لە بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی (ژمارە یەک)، هەروەها پڕۆژەی قوتابخانە چینییەکان، جگە لە پڕۆژە نوێیەکە لە رێگەی سندوقی گەشەپێدانی عێراقەوە”.

سەبارەت بە پڕۆژەی “قوتابخانەكەم جوانترینە”، كەریم سەید روونیکردووەتەوە، “ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە وەزارەت بە هاوکاری ئەنجومەنی راوێژکاری دیوانی سەرۆکایەتی حکومەت جێبەجێی دەکات، بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی کەشێکی پەروەردەیی باشتر”.

لە عێراق پرۆژەی دیكەش بۆ بنیادنانی قوتابخانە بۆ خوێندن هەیە، لەوانە پڕۆژەی چینییەكان، كە بە رێككەوتنی نێوان عێراق و چین ئەنجام دەدرێت و وەك وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە 2023 رایگەیاندووە، پلانەكە وایە لە 2024 چوار هەزار قوتابخانە بخرێنە خزمەتی خوێندنەوە، هەندێكیان نوێ دروست دەكرێن و هەندێكیشیان نۆژەندەكرێنەوە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق: رێژەی نەخوێندەواری بۆ 12% داب...

وەزارەتی پەروەردەی عێراق: رێژەی نەخوێندەواری بۆ 12% دابەزیوە