”لەناو جۆگەدا مەلەدەکەن“

گەنجانی سەنگەسەر لە نەبوونی مەلەوانگە لەناو جۆگەی کشتوکاڵیدا مەلەدەکەن

+964

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەهۆی نەبوونی مەلەوانگە لە ناحیەی سەنگەسەر، لەوەرزی هاویندا گەنجان پەنا بۆ زێی بچووک یان سەرچاوە ئاوییەکانی تر دەبن، کە شیاونین بۆ مەلەکردن و زۆر جار رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، گەنجانی سنوورەکەش داواکارن مەلەوانگەیەکیان بۆ دروست بکرێت.

بارزان ئیسماعیل، گەنجێکی دانیشتووی گوندی قادراوایە لە ناحیەی سەنگەسەر بە 964ـی وت، “ئێمە وەک گەنجانی گوندی قادراوا، بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما بۆ خۆفێنککردنەوە، بە ناچاری لەناو جۆگای ئاودێری قادراوادا مەلە دەکەین، لەبەر‌ئەوەی مەلەوانگەیەکی شایستە لە ناوچەکەماندا بوونی نییە، ئەم جۆگەیە  تایبەت نییە بە مەلەکردن، بەڵام ناچارین مەلەی تێدا دەکەین”.

بارزان روونیشی کردەوە، ئەملاولای جۆگەکە کۆنکرێتە و تیژە، ئاوەکەش بە خێرایی دەڕوات بۆیە کەسێک مەلە نەزانێت مەترسی بۆ سەر گیانی دروست دەبێت، گەنج هەبووە رزگارمان کردووە، دەنا گیانی لەدەست دەدا لە جۆگەکەدا، لەبەر ئەوەی هیچ مەرجێکی سەلامەتی یان تایبەتمەندی بۆ نەکراوەم کە مەلەی تێدا بکرێت، ئێمەش مەلەوانین و زیاتر وەک چاودێریکردنیان لێرەین، بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراو دروست نەبێت.

جۆگەی ئاودێریی قادراوا لە سەنگەسەر، قوڵییەکەی نزیکی دوو مەترە، پانییەکەشی نزیکی سێ مەترە، ئاوەکەی لە قەندیلەوە سەرچاوەی گرتووە، رۆخی جۆگەکە هیچ سیاجێکی بۆ نەکراوە، دەوروبەری جۆگەکەش ماڵی لێن  و مەترسی بۆ سەریان هەیە.

“لە ساڵانی رابردوودا، چەند منداڵێک کەوتوونە ناو ئەم جۆگایە و گیانیان لەدەستداوە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار سیاجی بکەن، بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە”، بارزان ئیسماعیل وای وت.

لە قەزای پشدەر تەنیا یەک مەلەوانگە هەیە، ئەویش لە ناحیەی ژاراوەیە، بەهۆی دووری لە ناوچەکانی ترەوە و بچووکی مەلەوانگەکە، بەشێکی کەم لە هاوڵاتیانی پشدەر رووی تێدەکەن”

پێداچوونەوە: هاوبەش

لە قەڵادزێ هیچ مەلەوانگەیەک بوونی نییە

لە قەڵادزێ هیچ مەلەوانگەیەک بوونی نییە