سیستمی عێراق چییە؟

گەشتەكانی عێراق بۆ ئیمارات وەستاوە و تەنیا یەك هێڵ بەردەوامە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ هەینی 19.7.2024 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، گەشتەکانی لە عێراقەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی ئیمارات وەستاوە بەهۆی ئەو كێشە تەكنیكییەی ئەمڕۆ لە بەشێكی دنیا سەریهەڵدا، بەڵام ئاشكرایان كرد تەنیا گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی عێراقی تا ئێستاش بەردەوامە.

مەیسەم ئەلسافی وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “بەهۆی ئەو كێشە ئەلیکترۆنییەی کە بەر فڕۆکەخانەکانی ئیمارات کەوتووە، گەشتەکان لە عێراقەوە بۆ فڕۆکەخانەی دوبەی راگیراون، جگە لە هێڵی ئاسمانی عێراقی نەبێت، كە گەشتەكانی بەردەوام بێت.

وتیشی، “فڕۆکەخانەکانی عێراق بە تەواوی بیمەکراون لە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی ئەلیکترۆنی یان خراپی کارکردن، ئەو كێشە تەكنیكییەی لە سیستمی فڕۆکەخانەکانی بەشێكی وڵاتان دروست بووە، لە عێراقدا ئەو سیستمە  بەکارناهێنرێت.

ئەلسافی دووپاتیکردەوە کە هێڵی ئاسمانی عێراقی بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات و گەشتەکانی بۆ ئیمارات بەردەوامن، چونکە پشت بە سیستمی (ئامادێوس) دەبەستێت، کە سیستمێکی تۆکمە و جیهانییە، ئەو گەشتانەشی بۆ ئیمارات كە وەستاون، پەیوەستن بەو کۆمپانیایانەی بە سیستەمی “Crowd Strike” کاردەکەن.

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەوەشی روونكردەوە، گەڕانەوەی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئیمارات لە رێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە بەندە بە دووبارە کارپێکردنی سێرڤەری ئەلیکترۆنی لە فڕۆکەخانەکانی ئیمارات و فڕۆکەخانەکانی دیکە، کە بە هەمان سیستم کاردەکەن.

ئەمڕۆ هەینی کێشەیەکی ئەلیکترۆنی لە سەرانسەری جیهان درووست بوو، بەهۆیەوە گەشتەکانی فڕۆکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەستان و کاریگەری هەبوو لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەخشی راستەوخۆی چەند کەناڵێکی جیهانی.